لە هەرێمەوە نوێنەرێک دەچێتە ئەنجومەنی شەفافییەتی دەرهاتووەکانی عێراق

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستانەوە ئەندامی ڕێکخراوێک دەچێتە ئەنجومەنی شەفافییەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەکانی عێراق،  بەرپرسی ڕێکخراویک-یش دەڵێت: پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لەژێر ناوی ڕێکخراودا نوێنەری خۆیان بخەنە ناو ئەنجومەنەکەوە.


ئەمڕۆ لە هۆتێل ڤان ڕۆیاڵی شاری هەولێر، نوێنەری ژمارەیەکی زۆری رێکخراوە ناحکومییەکان کۆبوونەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی کەسێک، کە مەرجە ئەندامی ڕێکخراوێکی ناحکومیی مۆڵەتدار بێت بۆ ئەنجومەنی شەفافیەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەکانی عێراق و لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

ئەو ئەنجومەنە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە عێراق دروستبووە، لە چوار ئەندامی ڕێکخراوە ناحکومییەکان(ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی) و نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیاکانی بواری نەوتی تێدایە، لەسەر داوای ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان-یش لەو چوار ئەندامەی ڕێکخراوەکانی عێراق ئەمڕۆ بە هەڵبژاردن یەکێکیان دەبێتە نوێنەری ڕێکخراوە کوردییەکان.

وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، کاری ئەنجومەنەکە، داهاتی نەوت و دەرهاویشتەکانی و گرێبەستییە نەوتییەکان شەفاف بێت.

عەبدوڵا خالید، سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی و ئازادیی، سەبارەت بە گرنگیی جێگرتنی کورد لەو ئەنجومەنەدا بە ڕۆژنیوزی وت: لە ڕێگای ئەو ئەندامەی، كە دیاریی دەكرێت بۆ ئەنجومەنەكە دەتوانین ئاگاداری سەرجەم داهاتەكانی نەوت و گرێبەستەكانی بواری نەوت بین.

عەبدوڵا خالید، نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی، کە "پارتی و یەكێتی دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو ڕێكخراوانەی كە بەناوی رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی دروستیان کردووە، کەسیک بکەنە ئەندام کە نوێنەری خۆیان بێت و ڕۆڵێكی باش نەبینێت لە ئاشكراكردنی داهاتەكانی نەوت".

پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوامە و پێدەچێت هەر ئەمڕۆ ئەنجامەکە ئاشکرا بکرێت.

بەپێی ئامارێك كە ڕۆژنیوز لە بەشی یاسای فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كەوتووە، زیاتر لە چوار هەزار رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی تۆماركراو لە بوارە جیاجیاكان.

ش.ف