لە هەرێم بازاڕی ئازاد بۆ قازانجی حزب و بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵکە

حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵاوتن و بازرگانیی بەنزین-ی داوەتە کۆمپانیاکان و دەشوترێت، کە زۆربەی کۆمپانیاکان سەر بە حزبە سەرەکییەکانی ناو حکومەتن، بۆیە حزبەکان بازاڕی ئازاد بۆ قازانجی خۆیان و بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵک بەکار دەهێنن.


هەرچەندە لە عێراق نرخی بەنزین جێگیرە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەرێمی کوردستان نەتواندراوە نرخی بەنزین جێگیربکرێت.

لە عێراق بەپێی یاسا حکومەت نرخی نەوت (بەنزین، گاز، نەوتی سپی) لە وڵاتدا دیارییدەکات، بەوپێیە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣-ەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، نرخی بەنزین بە ٤٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک دیاریکرابوو، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دا، عێراق ناردنی بەنزینی بۆ هەرێم ڕاگرت، بەوهۆیەشەوە حکومەتی هەرێم مامەڵەکردنی بە بەنزینەوە سپاردە کەرتی تایبەت.

ڕۆژنیوز لەم بەدوادچوونەدا، وردەکارییەکان دەخاتەڕوو.

لەدوای ئەو بڕیارەوە، جیاوازیی لە نرخی سوتەمەنیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان-دا دەرکەوت، بە نمونە لە عێراق هەتا ئێستاش نرخی یەک لیتر بەنزین ٤٥٠ دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی هەر لیترێک بەنزین بەپێی جۆرەکەی لەنێوان ٦٥٠ بۆ ٩٠٠ دیناردایە.

جگە لەو جیاوازییەش، لەناو هەرێمی کوردستانیشدا، لەنێوان پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە نرخی لیترێک بەنزین جیاوازە، بۆ نموونە نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی ٧٤٠ دینارە، بەڵام لە هەولێر ٧٥٠ دینارە، یان نرخی یەک لیتر بەنزینی محەسەن لە هەڵەبجە ٨٠٠ دینارە، بەڵام لە سلێمانی ٨٢٥ دینارە، هەروەها نرخی یەک لیتر بەنزینی سۆپەر لە سلێمانی ٩٠٠ دینارە، بەڵام لە هەولێر ٨٦٠ دینارە.

بەگوێرەی یاسا، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانە نرخی بەنزین بەهاوبەشیی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا دیارییبکەن، بەڵام شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی هەرێم دەڵێت: هەتا ئێستا حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نەیانتوانییوە هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بکەن، بۆ ئەوەی نرخێکی جێگیر بۆ بەنزین دابندرێت.

ئەو بەنزینەی، کە لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەفرۆشرێت، بەشێکی لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەکرێت و بەشێکی دیکەشی لە پاڵاوگەکانی بازیان، کەڵەک و سورقاشان بەرهەمدەهێندرێت، لەگەڵ بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوتیشدا لە بازاڕەکانی جیهان، گۆڕانکاریی بەسەر نرخی بەزینیشدا دێت.

لە هەرێمی کوردستان سێ پاڵاوگە هەیە،  کە هەرسێکیان دراون بە بە کۆمپانیای کار و کۆمپانیای قەیوان،ئەوانیش پاڵاوگەی کەڵەک، کە ڕۆژانە ٨٤ هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش دەپاڵێوێت، پاڵاوگەی بازیانیش ٣٤ هەزار بەرمیل و پاڵاوگەی سورقاشانیش ٢٠ هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت، غالب محەمەد، سەرۆکی پێشووی لیژنەی پیشەسازیی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، کە بەرهەمی ئەو پاڵاوگانە دەتواندرێت بەنزینی تەواو بۆ هەرچوار پارێزگاکەی هەرێم دابین بکرێت، بەڵام ئێستا ئەو پاڵاوگانە بە نرخێکی گران بەنزین بە بازرگانان و هاوڵاتیان دەفرۆشن.

لەبارەی جیاوازیی نرخی بەنزین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، ناوبراو وتی: لە عێراق حکومەت خۆی بەنزین بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکات و بەنزینیش بۆ بازرگانەکان دابین دەکات و نرخێکی دیاریکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بازرگانان خۆیان بەنزین دەکڕن و حکومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات، بۆیە ئەوانیش بەگوێرەی ئەو نرخەی کە بەنزینی پێدەکڕن، دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان.

غالب، کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئاشکراشی دەکات: وەزیری پێشووی نەوتی عێراق پێی وتووم، کە حکومەتی هەرێم پێیان وتووین پێویست ناکات ئێوە بەنزینمان بۆ بنێرن، ئێمە خۆمان دەتوانین پێویستیی هەرێم پڕبکەینەوە.

غالب محەمەد، ڕوونییکردەوە، حکومەتی هەرێم بۆچی خۆی بەنزین دابەش ناکات و وتی:"دوو قازانجی هەیە، لەلایەک ئەو ئەرکە لەسەر خۆی لادەبات، کە بەنزین بدات بە خەڵک، لە لایەکی دیکەش بەشێکی ئەو کۆمپانیانەشی کە بەنزین دێنن هی بەرپرسەکانن، بۆ نموونە کۆمپانیای کار هی نێچیرڤان بارزانییە، بەدڵنیاییەوە حەزدەکەن نرخی بەنزین گران بێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیان قازانجی زیاتر بکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕوای وایە، کە چارەسەری ئەم بابەتە یان ئەوەیە عێراق بەنزین بنێرێت و هەرێم پابەندبێت بە ڕێنماییەکانی عێراقەوە، یان خۆیان وەکو عێراقی لێبکەن، ئەگەرنا چارەسەری دیکەی نییە.

سەبارەت بە جیاوازیی نرخ لەنێوان شارەکانی هەرێمیشدا، عومەر ئەحمەد، لێپرسراوی هۆبەی کۆنترۆڵی جۆریی لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، وتی: پارێزگای سلێمانی لە خاڵی سفری هاوردەی بەنزینەوە نزیکترە و کرێی تێچوونی هاوردەکردن کەمترە، بۆیە نرخەکەی کەمترە لەچاو هاولێر و دهۆک.

سەبارەت بە جێگیرکردنی نرخ لەلایەن بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان یان ئەنجومەنی پارێزگاکان، ناوبراو وتی: هیچ لایەنێک توانای دانانی نرخێکی جێگیریی نییە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە مامەڵەکردن بە بەرهەمە سووتەمەنییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان بووەتە بازاڕی ئازاد، ئێمە تەنها دەتوانین چاودێری نرخەکان بکەین، وە بە هابەشی لەگەڵ بازرگاناندا نرخێکی گونجاو دیاریبکەین.

ش.ف