لە پشدەر ساڵانە نزیکەی ١٠٠ تۆن هەنگوین بەرهەم دێت

تەنیا لە سنووری شارۆچکەی پشدەر ساڵانە نزیکەی ١٠٠ تۆن هەنگوین بەرهەم دێت و هەنگەوانێکیش دەڵێت: بەهۆی هاوردەکردنی هەنگوینی دەرەوە، بەرهەمەکانی ئێمە وەک پێویست ساغ نابێتەوە.


بڕینەوەی هەنگ لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئەیلول و سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات، لە سنووری شارۆچکەی پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین-یش هەنگەوانان هەنگەکانیان دەبڕنەوە.

بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لە شەخسە حەسەن، لێپرسراوی بەشی هەنگەوانانی شارۆچکەی پشدەر وەریگرتووە، لەسنوری شارۆچکەکە ٧هەزارو ٩٠٨ هەنگەوان و ٢١ هەزارو ٦٤٢ سندوقی کشتوکاڵی تایبەت بە هەنگ هەن، هەروەها ژمارەی خەڵەفی خۆماڵی''پورەی هەنگ لەسەر داری سروشتی'' ٧ هەزارو ٣٥٨ دانەیە.

بەپێی بەدواداچوونێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارۆچکەی پشدەر، ئەمساڵ هەر سندوقێک نزیکەی چوار کیلۆ هەنگوینی تێدایە، بەگشتییش پێشبینیی دەکرێت نزکەی ١٠٠ تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبێت.

حاجی فەقێ هەنگەوانێکی گوندی سەرگەنێلە و نزیکەی ١٠٠سندوقی هەنگی هەیە، سەبارەت بە بەرهەمی هەنگوین دەڵێت: بڕی بەرهەم لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوزە، ئەگەر گوڵ و گیا زۆربێت هەنگوینیش زۆرە و سودی باشی بۆ هەنگەوانان دەبێت.

ماوەی بڕینەوەی هەنگ، بەپێی زۆریی و کەمیی هەنگەکان دەگۆڕێت، حاجی فەقێ بۆ بڕینەوەی هەنگەکانی ٢٠ ڕۆژی پێویستە، دووجۆر هەنگیش هەیە، ڕەش و زەرد، بەرهەمی هەنگی ڕەش لە بەرهەمی زەرد باشترە.

هەنگەوانان بۆ بەخێوکردنی هەنگ ژینگەی خاوێن هەڵدەبژێرن، بەوپێیەی تا ژینگەکە خاوێنتر بێت بەرهەمی هەنگەکەش باشتردەبێت، هەروەها هەنگ بۆ ئەوەی بگات بە شیلەی گوڵەکان نزیکەی ٥ بۆ ٦  کیلۆمەتر دەبڕێت.

هەنگەوانان نیگەرانن لە هاوردەکردنی هەنگوینی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکەن، بەرهەمەکانیان وەک پێویست لەبازاڕەکان ساغ نابێتەوە، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن لەکاتی پێگەیشتنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هەنگوین قەدەغەبکات.

شەخسە حەسەن، لێپسراوی هەنگەوانیی پشدەرسەبارەت بە کێشەی هەنگەوانان و بەرهەمی هەنگ دەڵێت: ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت لەڕێگە ڕێنماییکردن و کۆڕ و سمینارات و زانیاریی پێدان سەبارەت بە خێوکردنی هەنگ، پێدانی داو دەرمان هاوکاریمان کردوون.

شەخسە داواش لە هەنگەوانان دەکات، بۆ ئەوەی لە بازگەکانی نێوان شار و شارۆچکەکان گرفتیان بۆ درووست نەبێت لەکاتی گواستنەوەی بەرهەمەکانیان، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هەنگەوانانی شارۆچکەی پشدەر بکەن بۆئەوەی نوسراوی فەرمییان پێبدەین.

ب.ش