مامۆستایانی ئێران لە شەقامەکانن

دوای ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار، لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی پیشەیی ماموستایانی ئێران، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گربوونەوەی ماموستایان دەستیپێکردووە.


ئەمڕۆ ماموستایانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زۆربەی پارێزگا و شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوەی پیشەییان دەستپێکردووەو داوای مافەکانیان دەکەن.

ئەم گربوونەوە سێیەمین چالاکیی سەرتاسەری ماموستایانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێستادا ڕووبەڕووی ڕێگریی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سێ کەس لە ماموستایان دەستگیرکراون و ئامادەبووان لە خۆپێشاندانەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراون.

هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە گربوونەوەکان لە شار وشارۆچکەکانی پارێزگاکانی 'تاران، ئسفەهان، یەزد، مازەندەران، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باشور، تەبرێز، ئەلبورز و گیلان، دەستیپێکردووە.

هەروەها لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی، ئورمیە، کرماشان، سنە، ئیلام و هەمەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گربوونەوەی ماموستایان دەستیپێکردووە.

خواستی سەرەکی ماموستایان لەو گربوونەوە، داواکارییە پیشەییەکان، زیادکردنی مووچەکانیان بەشێوەی گونجاو لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆ، هاوسەنگ بوونی مووچەی ماموستایان و خانەنشینان و ئازادیی بێ مەرجی ماموستایان و کرێکارنی زیندانییە.

ماموستایان دوێنێش بۆ پشتگیری لە کرێکاران بەشدارییان لە مەراسیم و ڕێپێوانی جەماوەری ١ی ئایار کرد، کە لەو مەراسیمەش چەندین کەس لە کرێکاران و ئەندامانی سەندیکا کرێکارییەکان دەستگیرکران و گوازراونەتەوە بۆ زیندانە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران و تا ئێستا ئازاد نەکراون.

س.ح