مانگرتنی شۆفێرانی په‌روێزخان به‌رده‌وامە

مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەده‌روازی سنووریی په‌روێزخان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و شۆفێران داوای جێبه‌جێكردنی داواكانیان ده‌كه‌ن، ئیداره‌ی دەروازەی سنووریی پەروێزخانیش دەڵێن: هەندێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەین‌.


ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە دەروازەی سنووریی په‌روێزخان بۆ جێبەجێکردنی هەندێک داواکاریی‌ مانگرتنان ڕاگەیاندووە.

داواکاریی شۆفێری بارهەڵگرەکان بریتییە لە:

- هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە لەئێرانەوە بەبێ بار دەگەڕێتەوە بڕی ٢٠ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، شۆفێران داوادەکەن ئەو پارەیەیان لێوەرنەگیرێت.

- بڕیار وایە سۆنەرێک بۆ پشکنینی بار و دۆزینەوەی کەرەستەی قەدەغەکراو دابندرێت لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان، لەبەرامبەر ئەو پشکنینەدا پارە لە شۆفێران وەربگیرێت، شۆفێرانیش دەڵێن پێویست ناکات پارە لەوان وەربگیرێت، چونکە ئامێری سۆنەرەکە حکومەت دایدەنێت و بارەکەش هی بازرگانەکانە.

- بڕیار وایە هێڵی پەروێزخان بدرێتە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری نوێ، شۆفێران داوادەکەن ئەو بڕیارە ڕابگیرێت، چونکە کاری ئەوان کەم دەبێتەوە.

ئارام سايه‌خان، وته‌بێژی ده‌روازه‌ی په‌روێزخان، لەبارەی جێبەجێکردنی داواکاریی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانەوە به‌ڕۆژنیوز وت: له‌گه‌ڵ‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبوینه‌وه‌ و قسه‌مان له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی شۆفێران كردووه‌، كه‌ خۆی له‌لابردنی پشكنینی بارو چه‌ند ڕسوماتێکی دیکەدا دەبینێتەوە‌،  له‌ئێستادا پشكنینی باره‌كه‌مان هه‌ڵگرتووه‌ به‌ شێوازێكی كاتی، بۆ ڕسوماتەکانیش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی قسه‌ ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ ڕسوماتی دڵنیایی له‌سه‌ر بازرگانه‌ نه‌ك شۆفێر، ڕسوماتی پشكنینی باریش سه‌ر به‌ گومرگه‌ نه‌ك ئێمه‌، بەڵام پاره‌ی سۆنه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شۆفێر، هەوڵیشدەدەین چاره‌سه‌ری دابه‌شكردنی هێڵ بەسەر ئۆتۆمبێلی بکەین.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی ده‌روازه‌ی په‌روێزخان و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كان، بەڵینەکانی ئیدارەی پەروێزخان شۆفێرەکانی ڕازی نەکرد بۆ شکاندنی مانگرتەکە، جوامێر ئیسماعیل، یەکێک  نوێنه‌ری شۆفێره‌كان، بە ڕۆژنیوزی وت، کە به‌رده‌وام دەبن لەمانگرتن.

له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە به‌ڕاده‌كان، هیچ ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگری دیکە هاتووچۆ ناكات لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان.

د.ع