ملیۆنان لیتر سوتەمەنیی بە ناوی ئاوارەوە نێردراوە بۆ هەرێم و دیار نەماوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاشکرایدەکات، لە ساڵی٢٠١٨دا، دەیان ملیۆن لیتر سوتەمەنیی بە ناوی ئاوارەکانەوە لەبەغداوە نێردراوە بۆ هەرێم، بەڵام بەسەرئاوارە و هاوڵاتیاندا دابەشنەكراوە، ڕەخنەی توندیش لە پارێزگارەکانی هەرێم دەگرێت، داواشدەکات لێپرسینەوە لەگەڵ ئاشتی هەورامی و قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی بکرێت.


ئەمڕۆ، د.غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، لەنووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی سەبارەت بە ناردنی سوتەمەنی لە بەغداوە بۆ هەرێم سازکرد.

لە کۆنگرەکەدا د.غالب، ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیش بەناوی ئاوارەوە سوتەمەنیی بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، بەڵام بەنادیاری ماوەتەوە وئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە "پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ڕابردوو ٢١ ملیۆن و ٢٦٧ هەزار لیتر بەنزینی بەناوی ئاوارە بۆ هاتووە، بەڵام دوای قسەكردن لەگەڵ نووسینگەی ئاوارەکان لەسلێمانی دەڵێن بەنزینیان بەكارنەهێناوە، ئەوەش مانای وایە ئەو بەنزینە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی بۆ خۆی بەكاریهێناوە".

 

ئەوەشی خستەڕووکە هەر بۆ پارێزگای سلێمانی٢٣ ملیۆن و ٤٨١ هەزار لیتر گاز بەناوی ئاوارەوە لە بەغداوە هاتووە، بەڵام دوای بەدواداچوون ئاوارەكان یەك لیتریان وەرنەگرتووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو گازە لە فەرمانگە حكومییەكان بەكارهێنراوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، کە پارێزگای سلێمانی لە ٢٠١٨دا ٤٤ ملیۆن و ٩٦١ هەزار لیتر نەوتی لە بەغدا وەرگرتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە سلێمانی پێویستی بە١٠٠ ملیۆن لیترە، بەو پێیەش دەبێت نیوەی پارێزگای سلێمانی نەوتی وەرگرتبێت، بەڵام ناوچەكانی هەڵەبجە، گەرمیان، شارەزوور وەریان نەگرتووە.

غالب محەمەد، ڕەخنەی توندیشی لە پارێزگاری سلێمانی گرت و وتی: دوای ئەوەی لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە نووسراوم بۆ پارێزگاری سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی وەڵاممان بداتەوە چەند نەوتی سپی هاتووەتە پارێزگاكەی، بەڵام وەڵامی نەبووە، بۆیە ئەگەر پارێزگارێک نەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە، كەواتە ئاگای لەپارێزگاكەی نییە، ئەوەش پێی دەوترێت گەندەڵیی کارگێڕیی.

باسی لەوەشکرد، کە بە هەمانشێوە لە پارێزگای هەولێر بەناوی ئاوارەوە، بڕی٤ ملیۆن و ٦٨٠هەزار لیتر بەنزینیان بە خۆڕایی لە بەغدا وەرگرتووە،"تەحەدا دەكەم هیچ هاوڵاتییەكی هەولێریەك لیتر بەنزینی خۆڕایی وەرگرتبێت، ئەو بەنزینە بۆ كۆمەڵێك كەسی نزیک لە بەرپرسەکان بووە".

سەبارەت بە پارێزگای دهۆكیش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، کە بەهەمانشێوە لەو پارێزگایەش "٣ ملیۆن و٤٠٨ هەزار لیتر بەنزین بەخۆڕایی وەرگیراوە و كەس نازانێت چی لێهاتووە".

هەروەها رایگەیاند: تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٢٠ هەزار  ڤی هاڕ (قیر) هاتووە بەناوی چاککردنەوەی ڕێگاو بانەکان، بەڵام ڕۆژانە هەزاران خراپی ڕێگا دەبینین و هاوڵاتیان دەبنە قوربانی.

هەر لە کۆنگرەکەدا د. غالب، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێوسێتە لێپرسینەوە بکرێت لەگەڵ هەریەکە لە لە ئاشتی هەورامی و قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی چونکە ئەوان نەوت داوا دەکەن بۆ هەرێم و عێراق دەینرێت، بەڵام هاوڵاتیان لێی سودمەند نابن.

غالب محەمەد،لە بەردەوامی ڕەخنەکانی لە پارێزگارەکانیش، وتی:"پارێزگارەكان خەریكن دەستە چەورەكانیان بە ئەم و ئەودا بسڕن، شەرمە بۆ پارێزگارێك كە پاڵاوگەی پارێزگاكەی بۆ شارێكی دیكە ئیش بكات، بەڵام تۆمەت بۆ پەرلەمانتار دروست بكات و بڵێت ئەوان دەیانەوێت سوتەمەنی بیبڕن" وتیشی:پارێزگار دەبێت کار بكات و نابێت لەدەرەوەی هەرێم باخچە بكاتەوە، بەڵام پارێزگاكەی دووكەڵ خواردبێتی.

لە کۆتایشدا هۆکاری دیارنەمانی ئەو سوتەمەنیەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە  پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە چاودێرییەکی باش بكات.

ک.س