موچەخۆران: مووچە چاک نەکرێت ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵدەدەنەوە

مووچەخۆرانی گەرمیان، پێیانوایە لە پاش پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، هیچ بیانوویەك نەماوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم لە پێنەدانی مووچەی تەواوەتی و قەرەبونەكردنەوەی مووچەخۆران، ئاماژە بەوەشدەكەن: ئەگەر حكومەت بەشێوازی ڕابردوو بەردەوامبێت و مووچە چاك نەكات ناڕەزایەتییەكان سەرهەڵدەدەنەوە.


بەپێی بڕگەی ١٠ لە پرۆژەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، كە ڕۆژی ٢٣ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكرا، حكومەتی ناوەند پابەند كرا بە ڕەوانەكردنی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران، لە حاڵەتێكدا ئەگەر هەرێم-یش پابەند نەبێت بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، بەڵام هێشتا مووچەخۆران بە گومان لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان چاک بکات.

سەبارەت بە چاككردنی سیستمی موچە و دابەشكردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، مووچەخۆرانی شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

دلێر عەبدولڕەحمان، كە مامۆستایەكی گەنجە لە یەكێك لە خوێندنگاكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، لەوبارەیەوە وتی: لە پاش پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە، ئەوەی كە گرنگە بەلای ئێمەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، شێوازی ناردن و دابەشكردنەكەیەتی، چونكە لەمە بەدوا هیچ بیانوویەك بەدەست حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نامێنێت، كە جارێكی تر پەنا بباتە بەر نیومووچە و چارەكە مووچە و پاشەكەوت و ئەو سیاسەتەی كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەبیانووی قەیرانی دارایی پیادەیكرد.

ئەو مامۆستایە جەخت دەکاتەوە، کە "ئەگەر بەهەمان شێوازی ڕابردوو بەردەوامبێت لە دابەشکردنی مووچە، جارێكی تر چالاكی و ناڕەزایەتی موچەخۆران سەرهەڵدەداتەوە".

لێزان محەمەد، كارمەندێكی تەندروستییە و هاوشێوەی موچەخۆرانی دیکە بڕینی مووچەكەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا نیگەرانی كردووە و لە بارەی پرسەكەشەوە بەمشێوەیە قسەی كرد:"حكومەتی عێراق، هیچ بیانوویەكی نەهێشتووەتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێنەدانی موچەی تەواوەتی، دەبێت حكومەتی هەرێم بەوەوە پابەندبێت، بۆئەوەی دۆخەكە لەمە خراپتر نەبێت".

لێزان، باسی لەوەشکرد، گوزەرانی فەرمانبەران و موچەخۆران زۆر خراپبووە و چیتر بەرگەناگیرێت و پەرداخەكە پڕبووە" وتیشی: بەپێی ئەزموونی ڕابردوومان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هیچ گەشبین-نین، بەڵام "ئەگەر بێتو كێشەی بودجە چارەسەرنەكەن دۆخەكە بەرەو هەڵدێر دەچێت".

پەیمان ئەمین، مامۆستایەكی تری سنوورەکەیە و لەسەر هەمان پرس وتی: سەبارەت بە ناردنی بودجەی تەواوەتی لە عێراقەوە و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی موچەی فەوتاوی ساڵانی ڕابردووی موچەخۆران، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ پلان و ڕونكردنەوەیەكی نەبووە، ئەزموونیشمان هەیە كە لە ساڵانی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم بەرامبەر ناڕەزایەتییەكان بێباكبووە، بۆیە گومان دەكرێت كە هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستمی مووچەدا بكات، بەڵام بەهۆی ئەم ڕێككەوتنە نوێیە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چیتر هیچ بیانوویەك لەدەستی حكومەتی هەرێم نەماوەتەوە بۆ فەوتاندنی موچەكانمان.

ش.ف