مەزادخانەی کەلار بووەتە هیوای هەژار و کەمدەرامەتان

مەزادخانەی کەلار بەهۆی فرەجۆری کڕین و فرۆشتنی شتومەک تیایدا و هەرزانی نرخەکانیان، بووەتە سەرچاوەی بژێوی و بازاڕکردنی هەزاران کەس لە گەرمیان و دەوروبەری و پارێزگاکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەڵام خراپی و نەبوون خزمەتگوزاری شوێنەکە، خەڵکەکەی نیگەران کردووە. 


مەزادخانەی کەلار یاخود بازاڕی گەل، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین مەزادخانەکان لە هەرێمی کوردستان، بازاڕێکی سروشتی و هەفتانەیە و ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەمەی هەموو هەفتەیەک دەکرێتەوە و تا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، هەموو شتێک تێیدا کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ، هەر ئەمەش وایکردووە، کە کڕیار و فرۆشیارێکی زۆر لە سنوری گەرمیان و گوندەکانی دەورووبەری و پارێزگاکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕووی لێبکەن.

لە بازاڕەکەدا وەک خۆیان دەڵێن هەموو شتێک "بە نرخی خۆڵە" واتا بە بێ گەرەنتی و بە نرخێکی هەرزان، تیایدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، هەندێک لە فرۆشیارەکان ئەو شتانەی دەیهێنن بۆ فرۆشتن دەستی دوون و پێشتر لە ماڵەکەی خۆیدا بەکاریانهێناوە، ئەمەش وایکردووە کە زۆرترین کەس سودمەند بن تێیدا و سەرنجی هەزاران کڕیاریش بۆخۆی ڕابکێشێت، بەتایبەتی هەژاران و کەم دەرامەتان. 

جگە لە کڕیار و فرۆشیاران، خەڵکانێکی زۆریش وەک خۆیان دەڵێن، تەنها بۆ ئارامکردنەوەی دەرونیان و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن.

مەزادخانەکە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، هەروەها بەهۆی بەردەوام فراوانبوونی و زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی کڕیار و فرۆشیارەکانی، تا ئێستا چوار جێگای پێ گۆڕداوە، ئەم جێگایەی ئێستاشی لەچاو زیادبوونی ئەو خەڵکەی ڕووی تێدەکەن وردە وردە بچوک دەبێتەوە و بۆ هاتوچۆکردن کێشەی قەرەباڵغی دروست دەکات و دەبێت جێگایەکی فراوانتری بۆ دابین بکرێت.

سەرەڕای ئەو هەموو گرنگییە زۆرەی مەزادخانەکە، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، سەبارەت بە مەزادخانەکە و خراپی و نەبونی خزمەتگوزاری بەشێک لە کڕیار و فرۆشیارەکانی مەزادخانەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

کامیل عەبدولڕەحمان، فرۆشیارێکە و لە پارێزگای هەڵەبجەوە هاتبوو بۆ مەزادخانەکەی کەلار و باس لەوە دەکات، هەموو هەفتەیەک لە شارەزورەوە بۆ کەسابەت دەچن بۆ ئەو مەزادخانەیە، هەنگوین و قەیسی و گوێز دێنن و لەوێ دەیفرۆشن، "لەبەرئەوەی بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ دەیفرۆشین و خەڵکانێکی زۆری کەم دەرامەت ڕوو لێرە دەکەن کڕیارێکی زۆر شتمان لێ دەکڕن".

عامر، هاوڵاتییەکی عەرەب کە هاوڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی جرفسەخر-ی سەر بە پارێزگای بابلە، بۆ بازاڕکردن هاتبوو بۆ مەزادخانەکە، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: "ئێمه بۆ کڕینی کەلوپەلی ناو ماڵ و خۆراک و پێداویستییەکانمان هاتووین ، چونکە  لێرە نرخەکان زۆر گونجاوە و هەرزانە، خەڵکی ناوچەکەش زۆر ڕێزمان لێدەگرن".

شاهۆ ئەحمەد، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی کفری کە کاری کڕین و فرۆشتنی باڵندە و پەلەوەر دەکات و هەموو هەفتەیەک دەچێتە هەزادخانەکە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: "بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی ئێستای کوردستان و بێکاریی زۆر، خەڵکانێکی زۆر کاتەکانیان لەگەڵ باڵندە و پەلەوەرەکان بەسەردەبەن، زۆر کەسیش دێتە لامان تەنها بۆ ئارامکردنەوەی دەرونی تەماشای ئەو گیاندارانە دەکات، هەروەها لەبەر فراوانبوونی مەزادخانەکە جێگاکەی بچوک بوەتەوە و بۆ هاتووچۆکردن کێشە دروستدەبێت، پێویستە جێگایەکی گەورەتری بۆ دابین بکرێت". 

گۆران جواد، هاوڵاتییەکی کڕیاری خەڵکی شارەدێکی رزگاری سەبارەت بە خراپی و نەبوونی خزمەتگوزاری مەزادخانەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: "خزمەتگوزاری لێرە زۆر کەمە، لەبەر بارانبارین و کۆبوونەوەی گۆماو قوڕاو پێویستی بە چەوڕێژ هەیە و زبڵێکی زۆریشی تیا کۆبۆتەوە تەنانەت زبڵدانێشی تێدا نییە".

ئەوەشی وت: "داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە ئاوڕێکی جدی لێ بدەنەوە، لەبەر ئەوەی ژیان و بژێوی خەڵکانێکی زۆری هەژاری لەسەرە".

ک.ک