ناڕوونی لە سەرچاوەی داهات و خەرجیەکان لە سایەی نەبوونی پرۆژە یاسای بودجەدا

نەناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، دەرگای لە بەردەم ناشەفافییەکی زۆردا لە خەرجی و داهاتەکاندا کردووەتەوە، نە حساباتی کۆتایی دەهێنرێتە پەرلەمان و نە دیوانی چاودێری داراییش دەتوانێت بەدواداچوون بۆ خەرجیەکان بکات، پەرلەمانیش بێئاگایە لە خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەکان.


بە بیانووی جۆراو جۆرەوە، ماوەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووەتە پەرلەمان، پەرلەمانتاران و پسپۆڕانی ئابووری پێیانوایە، ئەو هەنگاوە ڕێگای لەبەردەم بەهەدەردان و گەندەڵییەکی زۆردا کردووەتەوە لە هەرێمدا.

لە ساڵی ٢٠١٤دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوتەکەی بفرۆشێت و پەیوەندییەکانی هەردوولاش بگاتە لوتکەی ناکۆکی، لەوکاتەشەوە تا ئێستا بە بیانوی جۆراو جۆرەوە بودجەی نەناردووەتە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا خۆی سەرچاوەی بەشێک لە قەیرانەکان بوو.

لەدوای هێوربوونەوەی پەیوەندیەکانی بەغداو هەولێر لە ساڵی ٢٠١٨ هەردوولا لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن لە نێویشیاندا ناردنی بەشە بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، لە ساڵی ٢٠١٩ بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق بە یاسا جێگیر کرا، نەک هەر ئەمە، بەڵکو داهاتی ناوخۆش تاڕادەیەک زیادیکردوو نرخی نەوتیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام حکومەتی هەرێم بەبێ هیچ بیانوویەک بودجەی نەناردە پەرلەمان.

هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە بەردەوام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانەی حکومەتی هەرێم دەکرێت و لە پرۆژە یاسای ساڵی ڕابردووش بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق دیاریکرا، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادە نەبوو پرۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان.

نەبەرد کەریم، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری دارایی و ژمێریاری پێیوایە، نەبوونی یاسای بودجە هۆکارێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گەندەڵی بەڕووی داهات و خەرجیەکاندا، بەتایبەت کە ئێستا نە پەرلەمان دەتوانێت وەک دەزگاییەکی چاودێری ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و نە دەزگای دیوانی چاودێری داراییش کارایە بۆ ئامادەکردنی حساباتی کۆتایی بوودجە.

نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، هەلیکاری لەبەردەم هەزاران دەرچووی دامەزراودا لەباربردووەو نەتوانراوە لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەپیی یاسای بودجەو لەچوارچێوەی یاسادا دابمەزرێن.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بە سەربەخۆ نەوتەکەی خۆی فرۆشتووە، بەڵام دەڵێت ئەو ماوەیە قەرزار بار بووەو لە چوارچێوەیەشدا کەیسێکی لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز بە بڕی سەدان ملیۆن دۆلار دۆڕاند.

لای خۆیەوە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی سامانە سروشتییەکان 'فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی'، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەدا کە بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلاری خەرجکردووە.

هەروەها پێیوایە نەناردنی بودجە لە عێراقەوە بۆ هەرێم، بیانوویەکی دروست نییە بۆ نەبوونی یاسای بودجە، حکومەت نایەوێت بە یاسا پلان و پڕۆژەکانی ساڵانە جێبەجێ بکرێت.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم خوولەدا یەکەم بەریەککەوتنی لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا لەسەر ئاگادارنەبوونی لە دابینکردنی پارە بۆ پرۆژەکان تۆمار کرد، ئەوەش یەکەم زەنگی مەترسی بوو بۆ پەرلەمانتارانی دەرەوەی دەسەڵات و پێیانوابوو، حکومەت لە سایەی نەبوونی یاسای بودجەدا، تەخشان و پەخشان بە پارەوە دەکات و جیاوازی لە خەرجکردنی بودجە لە نیوان پارێزگاکاندا دەکات.

هەر لەم خوولەی پەرلەماندا، دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم بە فەرمی لیژنەی دارایی و سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی ئاگادار کردووەتەوە کە رێگرییان لێدەکرێت بۆ ووردبینی لە داھات وخەرجی و گرێبەستەکانی چەند وەزارەتێکی حکومەتی ھەرێم، وەک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و چەند وەزارەتێکیتر.

بەوتەی پەرلەمانتاران، په‌رله‌مانی كوردستان ئاگاداری ته‌رخانكردنی بودجه‌ نییه‌ بۆ پرۆژه‌كان، ئەوەش وایکردووە ئەو پارەیەی بۆ پرۆژەکان تەرخانکراوە، به‌ شێوه‌یه‌كی ناسایی خه‌رجكراوه‌.

س.ح