ناڕەزایی کرێکاران لە ئێران بەردەوامە

کرێکارانی لە شارەکانی ئەهواز، شوش و ئابادان لە پارێزگای ئەهواز بۆ ناڕەزیەتی دەربڕین بەرامبەر کەمتەرخەمی کاربەدەستان لە ئاستی بەدەمەوە چوونی داواکارییەکانیان چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.


لەکاتێکدا ئێران لە دەرەوە تووشی هەڕەشەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووەتەوە و گەمارۆکان کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر داناوە،  لەناوەوەش ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریی و لەلایەکی دیکەشەوە ناڕەزایەتی خەڵک و توێژە جیاوزەکانی کۆمەڵگا بووەتەوە کە نزیکەی دوو ساڵە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناوبەناو بەردەوامە.

ئەمڕۆ گروپێک لە کرێکارانی شارەوانی کوت عەبدوڵا لە سنووری شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای ئەهواز لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر نادیاربوونی گرێبەستەکان و دۆخی ژیانیان و داوای حەقدەست و پاداشتەکانیان لە بەردەم بینای پارێزگای ئەهواز گردبوونەوە.

هەروەها بە هەمان ئامانج کرێکارانی کاغەزسازیی شاری شوش لە پارێزگای ئەهواز، گردبوونەوە و داوایانکرد؛ کارگەکە بە پێشنیاری پۆلێنبەندیی پیشەکان بچێتەوە، کە چەندین ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە.

هەر ئەمڕۆش ژمارەیەک لە کرێکارانی ویستگەی وزەی ئابادان سەربە پارێزگای ئەهواز، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی پێنەدانی موچە و دواکەوتنی پاداشتەکانیان لە بەردەم بینای بەڕێوبەری ویستگەکە گربوونەوە.

ش.ف