ناکۆکی ڕوسیا و ئۆپیک نرخی نەوتی دابەزاند

دوابەدوای ڕێکنەکەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیک و ڕوسیا بۆ دابەزاندنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی ئاسیا بە ڕێژەی ٢٠٪ دابەزی.


ڕۆژی هەینی دانیشتنی ڕێکخراوی ئۆپیک لەگەڵ ڕوسیا و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت کە ئەندامی ڕێکخراوەکە نیین، لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت بەڕێوەچوو.

لەو دانیشتنەدا ئۆپیک داوایکرد، کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو بە ڕێژەی یەک و نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا فرۆشتنی نەوتیان کەمبکەنەوە، بەڵام ڕوسیا دژی ئەو داوایەی ئۆپیک وەستایەوە.

ئەم هەڵویستەی ڕوسیا کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕەکانی بۆرسە و بازاڕی نەوت دانا، بەشێوەیەک کە ئەمڕۆ بە کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیایی، بە ڕێژەی ٢٠٪ نرخی نەوت دابەزی و گەیشتە ٣٨ دۆلار و ٨٤ سەنت.

هەروەها لەژێر کاریگەری ئەو هەڵویستەدا، پێوەرەکانی بۆرسەی نیکی بە ڕێژەی ٦.١٪ دابەزی و پێوەرەکانی بۆرسەی هۆنگ سۆنگ بە ڕێژەی ٣.٧٪  دابەزی.

س.ح