"نرخى به‌نزین ده‌کرێته‌ ٦٠٠ دینار"

سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، به‌ هاوکارى حکومه‌تى عێراق، نرخى به‌نزین له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێته‌ ٦٠٠ دینار. ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر کۆبووه‌وه‌ و تێیدا گرفتی که‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌کان و کێشه‌ی به‌نزینی تاوتوێ کرد.


عه‌لی ڕه‌شید، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: داوامان له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری کردوه‌ ڕێنمایی نوێ بۆ په‌خشی که‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌کان ده‌ربکات و ده‌رفه‌تی کێبڕکێ بڕه‌خسێنێت.

له‌سه‌ر گرانبوونى نرخى به‌نزینیش وتى: سه‌باره‌ت به‌نرخی به‌نزین وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕیاریداوه‌، که‌ ڕۆژانه‌ پێنج ملیۆن لیتر له‌ ڕێگه‌ی کۆمپانیای کاره‌وه‌ بۆ هه‌رێم دابین بکات به‌ نرخی ٦٠٠ دینار.

وتیشی: ئێستا ئاگادارکراوینه‌ته‌وه‌ که‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕیاریداوه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌و بڕه‌ سوته‌مه‌نیه‌ بۆ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بکرێت و ئه‌مه‌ش هاوکاری دابه‌زاندنی نرخه‌که‌ی ده‌بێت.

له‌ ئێستادا لیترێک به‌نزین له‌ پارێزگاکانى عێراق به‌ ٤٥٠ دیناره‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى کوردستان زیاتر له‌ ٧٠٠ دینارى تێپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى هاوڵاتیانى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆش دژى گرانى به‌نزین له‌ هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌ کرا.


ک.ک/ب.م