نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلیی بۆ مانگی كانونی یەكەم دیاریی كرا

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای دەكات، نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی كانونی یەكەم (٤٢) دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی كانونی دووەم دیارییكرا.


بەپێی لێدوانێکی نووسراوی سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلیی لە کاتژمێرێکدا  (٤٢) دینار دەبێت بۆ مانگی  کانوونی یەکەم.

هەر بەپێی لێدوانەکە، موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (٢٤٠) بۆ (٢٥٥) كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە لە نێوان ١٠ هەزار  بۆ ١١ هەزار دینار دەبێت، كە پێی كاركردنی مۆلیدەكان نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.

سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی یەك(کانوونی دووەم)، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەڵێت: بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە كاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ بۆ (٠١:٠٠)شەو، بەیانیان كاتژمێر (٧:٠٠ –  ٨:٠٠) بەیانیی دەبێت، لەو كاتانەدا كارەبای نیشتیمانی نەبوو مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، بەڵام بۆ خشتەی ڕۆژانی هەینی و پشووەكان مۆلیدەكان بەیانیان كار ناكەن و لەبری ئەوە كاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەروان كارەبا بۆهاوڵاتیان دابین دەكەن.

دووپاتیشی کردووەتەوە، کە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (١٠) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت، سەرپێچیكار بەگوێرەی ناوەرۆكی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی واژۆی كردووە روبەروی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكان وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە؛ نرخی كیلۆواتێك كارەبا بە (٢١٨) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان (KV11) بوو ئەوا (٥) دینار و وێستگەكەی (KV33) بوو (١٠) دیناری بۆ زیاد دەكرێت.

ش.ف