نرخی نەوتی ئەمریکی هاڕەی کرد

بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکی هاتە خوار سفر و لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێکدا بڕی ٣٧ دۆلارو ٦٣ سەنت بۆ مانگی ئایار زەرەر دەکات.


دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ نرخی نەوتی خامی ئەمریکی ١٩%ی نرخەکەی لەدەستداو لە بازاڕەکانی ئاسیا گەیشتە ١٤ دۆلار و ٨٤ سەنت، بەیانی ئەمڕۆ نرخەکەی بەڕێژەی٣٠٦% لەدەستداو گەیشتە -٣٧ دۆلار.

بەهۆی ئەوەی خەزانەکانی ئەمریکا پڕ بووە و خواست لەسەری هاتووەتەوە ژێر سفر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەن بۆ ساغکردنەوەی نەوتەکەیان، ناچارن بەزەرەر نەوتەکەیان بفرۆشن و بۆ هەر بەرمیلێک بڕی ٣٧ دۆلارو ٦٣ بدەنە کڕیارەکانیان، بەو پێیەش لە ئێستادا نرخی نەوت بۆ ٣٧ دۆلار ژێر سفر هاتووە.

ڕێککەوتنەکەی‌ ئەمدواییەی‌ ئۆپیک و وەبەرهێنەرانی‌ دیکە کە عێراقیشی تێدا بوو، نەیتوانی‌ بەها بۆ نرخی‌ نەوت بگەڕێنێتەوە کە بەهۆی‌ قەیرانی‌ کۆرۆنا و جەنگی‌ نرخەکانەوە ڕووی‌ لە دابەزین کردووە.

پسپۆڕانی نەوت پێشبینیانکردووە، پێناچێت دۆخەکە بەو جۆرە بمێنێتەوە، بەڵام ئەم هاڕە کردنە لە نرخی نەوت زۆربەی وڵاتان دەگرێتەوە و قەیرانێکی ئابووری سەخت بۆ مانگی ئایاری داهاتوو بەرۆکی ئابووریەکەیان دەگرێت.

بەپێی خەمڵاندنەکانیش، لە ئێستادا ١٦٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە خەزانەکان و کەشتییە بارهەڵگرەکاندا هەیە.

ک.س