نرخی نەوتی خاو بۆ زیاتر لە ٣١ دۆلار بەرزبوویەوە

وەک ئەوەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی کردبوو، کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ پاشەکەوتی جیهانی نەوت کەم دەبێتەوە، دوێنێ لەگەڵ داخستنی بازاڕی جیهانییدا، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.


دوێنێ لەگەڵ داخستنی بازاڕی نەوتدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بەهای ١.٩٤ دۆلار بەرزبوویەوە و گەیشتە ٣١.١٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، واتە  بەڕێژەی ٦.٧% نرخەکەی بەرزبوویەوە.

هەروەها نرخی نەوتی تەکساسیش ٢.٢٧ بە دۆلار جێگیر کرا و بە ڕێژەی ٩% بەرزبوویە و گەیشتە ٢٧.٥٦ دۆلار.

ڕۆژی ١٣ی ئایار نرخی نەوت تاڕادەیەک نزمبوویەوە، ئەوەش دوای هۆشداریی جیرۆم باوڵی سەرۆکی ئەنجومەنی یەدەگی ئەمریکا هات بەوەی کە بەهۆی کۆرۆناوە گەشەی ئابووریی لاواز بووە.

پاش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکانی پەکخستبوو، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند وڵاتێک قەدەغەی هاتووچۆیان بە ئامانجی کردنەوەی دەرگای کارگە و بازاڕەکان هەڵگرت.

 

ش.ف