نرخی نەوت بۆ ٣٣ دۆلار بەرزبوەوە

بۆ یەکەمجار و لە دوای ١٣ی ئازاری ئەمساڵەوە، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و گەیشتە ٣٣ دۆلار.


بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی نەوت لە جیهان، نرخی نەوت بۆ ٣٣ دۆلار بەرزبوەوە، ئەوەش بەرزترین نرخە لەچاو دوو مانگی ڕابردوو کە تۆماری کردبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمڕۆی بۆرسەی لەندەن نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تەموزی داهاتوو بە زیاتر لە ٣٣ دۆلار جێگیر کرا، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هەمان نرخی ڕۆژی ١٣ی ئازاری ڕابردووی ئەمساڵ کە بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە بەردەوام ڕووی لە دابەزین دەکرد.

هاوکات نرخی نەوتی تەکساسیش بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە سەرو ٣٠ دۆلار، لە کاتێکدا ماوەی دوو مانگە نەوتی تەکساس لەو نرخەدا نەماوە و دابەزیوە تەنانەت بۆ خوار سفریش.

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٣٢ دۆلار، چاوەڕێش دەکرێت نرخی نەوت تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بگاتە سەرو ٥٠ دۆلار و تا کۆتایی ئەمساڵ نرخەکەی بەوجۆرە بمێنێتەوە.

مامەڵەی نرخی نەوت بە پێی سیاسەتی وڵاتان و قەیران و شەڕ و دۆخە لەناکاوەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و نرخەکەی لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، واتە نرخی نەوت تەنانەت دوو ڕۆژ لەسەر یەکیش نرخی جێگیر نییە و بەندە بە خواست لەسەری.

ک.س