نزیکەی سێ هەزار هەلی کار بۆ دەرچووان دەڕەخسێندرێت

لەڕێگای دیدارێکەوە لە شاری هەولێر، نزیکەی سێ هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێندرێت.


ئەمڕۆ لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر، زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر، دیدارێکی بە مەبەستی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخست و لە دیدارەکەدا، زیاتر لە ٢٢ کۆمپانیا و چەند کونسوڵێکی وڵاتان بەشدارییان کرد.

تۆڵا پۆڵا، ڕێكەری گشتیی دیدارەکە، بە ڕۆژنیوزی وت: دەمانەوێت ببینە پردی پەیوەندیی لەنێوان دەرچووانی زانكۆ وپەیمانگاكان و کۆمپانیاکاندا، ئەمڕۆش نزیكەی سێ هەزار هەلی كار بۆ دەرچووان بڕەخسێنین، ناو تۆمارکردنیش لەڕێگای ئۆنلاینەوەیە.

سەبارەت بە ڕۆڵی کونسوڵی وڵاتان لەو دیدارەدا، تۆڵا، وتی: ئەو کونسوڵخانانە دەستپێشخەرییان کردووە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار.

دیدارەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامیی دەبێت و چەند کەسایەتیییەکیش تیایدا چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان بۆ ئامادەبوان دەگێڕنەوە، تا بەشداران بتوانن سود لە ئەزمونی ئەوان وەربگرن.

ش.ف