نهێنیی چاوپۆشیی بەغدا لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم چییە؟

به‌هۆی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌رهه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، كه بەپێی‌ ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكارییه‌ سیاسییه‌كان و لێكۆڵینه‌وه ئێستا ١٤ ملیۆن دۆلاره‌، حكومه‌تی به‌غدا تا ئێستا چاوپۆشیكردووه‌ له‌و٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ی كه‌ ده‌بوایه‌ هه‌رێم ڕاده‌ستی بكردایه‌‌.


به‌ پێی راپۆرتێكی ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكارییه‌ سیاسییه‌كان و لێكۆڵینه‌وه (ICPAR)، به‌رپرسانی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان جۆرێك له‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌شیان بۆ دروست بووه‌ تا به‌رێژایی‌ ساڵی ٢٠١٩ ڕێگه‌ بده‌ن هه‌رێمی كوردستان ‌نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی خۆی بفرۆشێت و قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی لێبداته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌ی به‌ پێی یاسای بودجه‌ی عێراقی بۆی دیاری كراوه‌ ڕاده‌ستی به‌غدای بكات، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵیشدا له‌وانه‌یه‌ هه‌ردوو حكومه‌ت ڕێكکه‌وتنێكی نوێ ئه‌نجام بده‌ن له‌سه‌ر كۆی ناكۆكییه‌ نه‌وتیی و داراییه‌كانیان.

ڕاپۆرته‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ڕێبین فه‌تاح یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی (ICPAR) ه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ داتاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای دیلیۆت ئه‌وه‌شی ڕوونكردووەته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا زیاتر له‌ ٦ ملیار دۆلار قه‌رزی داوه‌ته‌وه‌ له‌كۆی گشتیی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی، كه‌ به‌ ٢٠ ملیار دۆلار هه‌ژمار ده‌كرا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨دا، به‌ڵام پێناچێت هه‌رێم بتوانێت به‌م خێراییه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌و فشاره‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا دروست بووه‌ له‌ سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدول مه‌هدی بۆ ئه‌وه‌ی چیتر قبوڵ نه‌كات هه‌رێم به‌شه‌ بودجه‌ی خۆی وه‌ربگرێت و ئاماده‌ش نه‌بێت ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی بۆی دیارییكراوه‌ به‌ پێی یاسای بودجه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراقی (SOMO)ی بكات.

ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ زاری یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی ئاسوده‌ن به‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت قه‌رزه‌كانی بداته‌وه له‌ فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆییانه‌ی نه‌وته‌كه‌ی خۆی‌، چونكه‌ له‌ئێستادا به‌غدا خۆیشی كه‌وتووەته‌ ژێر قورسایی ١٦٢ ملیار دۆلار قه‌رزه‌وه‌ و له‌ توانایدا نییه‌ قه‌رزی هه‌رێم ببژێرێت، بۆیه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی هه‌رێم ڕێگه‌ خۆش ده‌كات هه‌ردوولا له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا بگه‌نه‌ ڕێکكه‌وتنێكی گشتگیر بۆ كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكیه‌ نه‌وتییه‌كانیان.

هەتا ئێستا بڕی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەبووەتەوە و بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی نزیکەی ١٥ بۆ ٢٨ ملیار دۆلار قەرزدارە، بەشێکی ئەو قەرزانەش هی کۆمپانیاکانی بواری نەوتە.

ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكاریه‌ سیاسیه‌كان و لێكۆڵینه‌وه (ICPAR) ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی توێژینه‌وه‌ی سیاسیی و ئابوورییه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری عێراقی و بیانی-ه‌وه‌ ئه‌مساڵ دامه‌زرا‌.

ش.ف