نوسراوێکی دانەوێڵەی هەولێر ٥١٧ ملیار دینار زیان بە جوتیاران دەگەیەنێت

نوسراوێکی هەڵە لە دانەوێڵەی هەولێرەوە بۆ حکومەتی عێراق، ٥١٧ ملیار دینار زیان بە جوتیاران دەگەیەنێت، ئەگەر نەتوانن دۆسییەکە ببەنەوە، لەم بارەیەوە تیمی پارێزەرانی جوتیاران لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەڕێوەبرد.


دەربارەی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦، تیمی پارێزەرانی كورد و عەرەب، کە داکۆکی لە مافی جوتیاران دەکەن لەگەڵ مام فارس سەرۆکی ڕێکخراوی جوتیارانی سەردەم، لە لە دادگای بەرایی هەولێر داوای یاساییان لەسەر وەزیری بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەری دانەوێلەی هەولێر تۆماركرد و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەڕێوەبرد.

بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەکەدا وتی: بەهۆی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی دانەوێڵەی هەولێرەوە، کە وەڵامی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدای داوەتەوەو نوسیویەتی "ئێمە بۆیە پارەی گەنمی جوتیارانمان نەداوە، چونكە پارەی نەقدی بوونی نەبووە"، بەهۆی ئەم نووسراوەوە، ئێستا دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان پارەی جوتیاران بدات.

بە وتەی ئەو پارێزەرە، دەبوو دانەوێڵەی هەولێر لە نووسراوەکەیدا بە بەغدای بوتایە، پارەی جوتیاران نەهاتووە بۆیە ئێمە پارەمان نەداوە، نەک بڵێت پارەی نەقدیمان نییە.

هەرچەندە ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد، کە نووسراوەکەی دانەوێڵەی هەولێر بە ئەنقەست نەبووەو هەڵەبووە، بەڵام وتیشی: بۆ مافی جوتیارانی ئێمە سکاڵامان لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەڕێوەبەری دانەوێڵەی هەولێر تۆمار کردووە.

ئەو بڕە پارەیەی جوتیاران کە بۆ ئەو سێ ساڵە وەریان نەگرتووە، بریتییە لە ٥١٧ ملیار دینار، پارێزەرەکەیان دڵنایی دایە جوتیاران و وتی: دڵنیابن مافی کەس ناخورێت و هەموو شایستەکانیان بۆ وەردەگرینەوە، لەکاتی پێویستیشدا دۆسیەکە دەبەینەوە دادگای باڵای عێراق.

س.ح