نوێنەران لیژنەی بۆ دۆسیە هەستیارەكە دیاری كرد  

دۆسیە هەستیارەكەی نێوان عێراق و توركیا لەسەر گرێبەستە 50 ساڵییەكەی حكومەتی هەرێم و توركیا، لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لیژنەی بۆ تەرخان كرا پەرلەمانتارێك دەڵێت: بەرەو پێش چوونی باش بەڕێوەچووە لەو دۆسیەیە لەبەرژەوەندی عێراق و ئەمەش توركیای تووشی شپرزی كردووە. 


ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیویەتی:" یەكێك لەو دۆسێیانەی كە هەستیارن كێشەی نێوان عێراق و توركیایە كە لەساڵی ۲٠۱٤ عێراق لەسەردەمی نوری مالیكی دا سكاڵایان لەسەر توركیا تۆمار كردوە لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی كورتكراوەی  (ICC)پێ دەوترێت عێراق داوای (۲٦) ملیار دۆلار قەرەبوو دەكاتەوە لە ئیستادا بۆ بەردەوامی ئەو دۆسێیە حسین شەهرستانی لە26-4-2019 بانگ كراوە بۆ فەرنسا بۆ شایەتی دان، لیژنە پەرلەمانییەكە لە ئەندامانی چوار لیژنەی گرنگ پێك دێن كە لیژنەكانی دارایی و دەرەوە و یاسایی و وزەیە".

ئەحمەد حاجی ڕەشید نوسیویشیەتی:بەندە لە لیژنەی دارایی دیاریان كراوم بۆ نوێنەرایەتی لەو لیژنەیەدا، زۆریك لە بەڵگە نامەكانم لایە كە (۷۲) لاپەڕەن و هەوڵ دەدەم هاوڵاتیانی لێ ئاگادار بكەمەوە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید لەكۆتاییدا نوسیویەتی: بەڵگەنامەكان شتی زۆر هەستیاری تێدایە و توركەكان هەستیان بەوە كردوە كە ئەو سكاڵایە دەدۆڕێنن بۆیە زۆر شپرز بوون بەو لیژنەیە.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە كە حكومەتی هەرێم بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دەركرد، تا دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و دەست بە سەردا گرتنەوەی بیرە نەوتەكانی كەركوك لەلایەن عێراقەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای توركیاوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرد، داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەش لە هاڵك بانكی توركیادا هەڵدەگیرا، لە سەروبەندی ڕیفراندۆمیشدا چەندین جار ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری تورك هەڕەشەی دەست بە سەرداگرتنی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی دەكرد.

لەچوارچێوەی واژۆكردنی گرێبەستی 50 ساڵەی حكومەتی هەرێم و توركیا بەبێ‌ گەڕانەوەی هەرێم بۆ ناوەند، حكومەتی عێراق سكاڵای لەسەر حكومەتی توركیا بەرزكردەوە لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ئێستا ئەم دۆسیەیە بەرەو پێشچوونی لەبەرژەوەندی عێراق بەخۆیەوە بینیوە و ئەگەر حكومەتی عێراق دۆسیەكە بباتەوە دەبێت حكومەتی توركیا (26) ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.
د.ح