هاوردەكرنی پەلەوەر و ئاژەڵ كەمدەكرێتەوە

بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی هاوردەكرنی پەلەوەر و ئاژەڵ بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی كەمدەكرێتەوە.


ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی بڕیاردراوە پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لای خۆیەوە ڕزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی، وتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە كشتوكاڵییەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، بەرووبومە پەلەوەرییەكان تا ئاستی لەسەدا ٩٠ بەرهەمی ناوخۆ پڕدەكاتەوە.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد كە بۆ پشتگیری جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵییەكان و بە ڕەچاوکردنی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا، لیژنەی دیاری كردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری، بڕیاری کەمکردنەوەی هاوردەی بۆ مانگی (١٠)ی ئەمساڵداوە و بۆ ئەم مانگە ڕێگا بە هاوردەکردنی ٨٠٠ تۆن ماسی، ٥٠٠ تۆن مریشك و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سور دەدرێت، هەروەها بۆ ئەو مانگە ڕێگە بە هاوردەكردنی ٧ هەزار سەر ئاژەڵ لەدەرەوە دەدرێت.

ک.س