هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی نیگەرانیی لێدەکەوێتەوە

هاوردەکردنی بەرهەمیی تورکیی و ئێرانی، کە هۆکاری پاشەکشەپێکردنی بەرهەمی ناوخۆیە، بەردەوام بووەتە جێگای نیگەرانیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئەو نیگەرانییانە لەبەرچاوناگرن.


ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوخۆییدا، جوتیاران داوا دەکەن، کە حکومەتی هەرێم ڕێگا لە هاوردەکردنی بەرهەمی تورکیی و ئێرانیی بگرێت، یانیش بڕێکی زۆر باجیان بخاتەسەر، کە کاریگەریی هەبێت  و بە ڕادەیەکی کەم ئەو بەرهەمانە بێنە ناوەوە، بەڵام ئەو بڕە کەمە باجەی کە حکومەتی هەرێم دایدەنێت، ناتوانێت ئەو کاریگەرییە دروست بکات.

مه جید سورچی، هاوڵاتییەکی شارەدێی سیدەکانە، کە لە گوندەکانی سنوورەکە بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکڕێتەوە و لەبازاڕدا ساغیدەکاتەوە، لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: هەرێمی کوردستان بەرهەمێکی زۆری کشتوکاڵیی هەیە، کە بەشی ناوخۆ و عێراق-یش دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕیگریی ناکات لە هاوردەکردنی بەرهەمی تورکیی و ئێرانیی، بەمەش جوتیاران تووشی زیان دەبنەوە.

ئەو هاوڵاتییە، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە برێکی زۆر باج بخاتە سەر بەرهەمی بیانیی لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و گەشەسەندنی کشتوکاڵ.

لە بەرامبەردا، مەسعود باتلی، بەڕێوبەری کۆمەڵگەی گومرگیی حاجی ئۆمەران، بە ڕۆژنیوزی وت: ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ چەند ڕێنماییەک دەردەکات بۆ ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی، کە دێنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و بۆ هەر بەرهەمێک جۆرێکی جیاواز باجی داناوە، لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆش باجەکە زیاد دەکات.

مەسعود، باتلی، وتیشی: ئەو باج و گومرگانە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو سیستمی كۆمپیوتەر، كە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەستراوەتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێـت دەستكاریی بكات.

ش.ف