هاوردە و هەناردەکاران: زۆربەی بازرگانەکان کاڵای تورکیی هاوردە ناکەن

کاریگەرییەکانی بایکۆتی کاڵای تورکیی لە باشوری کوردستان بەڕوونی دەرکەوتووە و ڕێژەی چوونی گەشتیارانی باشور بۆ تورکیا ٧٤% کەمیکردووە، بەرپرسی هاوردە و هەناردەکارانییش دەڵێت: زۆربەی بازرگانەکان کاڵای تورکیی هاوردە ناکەن.


هەرچەندە هێشتا ئامارێکی فەرمیی لەسەر ڕێژەی بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکیی لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەڵەمتی بایکۆتی کاڵای تورکیی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سەرانسەری باشوری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوان دەبێت.

 سەرەتای ئەو هەڵمەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستیپێکرد، دواتر بەشێوەی کرداریی خەڵک دەستی بە بایکۆتکردن کرد و ڕۆژانە هەڵمەتی هۆشیاریی لەناو بازاڕ، خوێندگا و زانکۆکاندا بەڕێوەدەبرێت و هاوڵاتیان ئاگاداردەکەنەوە، لەوەی کڕینی هەر کاڵایەکی تورکیی، وەکو کڕینی فیشەکێکە، بۆ سنگی تاکێکی کورد.

ئێستا بە سەدان هەزار کەس بەشدارن لەو هەڵمەتەدا و دەیان کۆمپانیای گەشتیاریی بڕیاری بایکۆتی گەشتی تورکیایان کردووە و بەهۆیەوە ڕۆژانە گەشتێک بۆ وڵاتی تورکیا هەڵوەشێتەوە، لە ڕۆژانی ١٩، ٢١،٢٠، ٢٣ی ئەم مانگە، چوار گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بۆ ئیستەنبوڵ هەڵوەشاونەتەوە، بەپێی ئاماری یەکێتی کۆمپانیاکانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی چوونی گەشتیارانی هەرێم بۆ تورکیا ٧٤% کەمیکردووە.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەو بایکۆتە لەسەر ڕێژەی هاوردەکردنی کاڵای تورکیی، عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: زۆرێک لە بازرگانەکان هەڵوێستیان وەرگرتووە و کاڵای تورکی هاوردە ناکەن، ئەوان سەردانمان دەکەن و پرسیارمان لێکردوون، دەڵێن کە هاوردەکردنی کاڵاتی تورکییان بایکۆت کردووە.

عەتا محەمەد، وتیشی: ئەگەر هاوڵاتی ئەو کاڵایانەی کە ئەمڕۆ لە بازاڕدایە نەیانکڕێت، ئەوا بازرگانانیش ناچار دەبن نەیهێنن.

بەوپێیەی کە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە تا ئێستا پەرە بە ئابووریی ناوخۆیی بدات، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکات، قەبارەی بارزگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا هەشت ملیار دۆلار بووە، ئەو کاڵایانەی کە لەو وڵاتەوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، بەشێوەیەکی گشتیی خۆیان لە خواردەمەنی، جلوبەرگ، دەرمان، مۆبیلیات و بیناسازیی دەبیننەوە.

ئێستا کە هەڵمەتی بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکیی لە باشوری کوردستان دەستیپێکردووە، هاوڵاتیان پشتیان لە بەرهەمە تورکییەکان کردووە و پێویستیان بە جێگرەوە هەیە.

د. بێستوون سابوراوایی، پسپۆڕی ئابووریی پێیوایە، کە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر کەمی دیارییکراو هەڵئاوسان بەهۆی بایکۆتەوە دروستببێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەتوانرێت ئەوەش چارەسەربکرێت و ڕەنگە نرخەکان هەرزانتریش بێت،"ئەویش لە ئەنجامی ئەوەیە کە بەشێوەیەکی لەناکاو ئەو بایکۆتە دەکرێت، بازرگان بەو کوتوپڕە پێڕاناگات ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە".

بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە بەهۆی بایکۆتەوە دروست دەبێت، پسپۆڕانی ئابووریی و یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران پێشنیاریان هەیە.

عەتا محەمەد، دەڵێت: دەتوانین لە ئێران یاخود لە بەسرەوە ئەو کاڵایانە هاوردە بکەین، کە لە چین و وڵاتانی ئەوروپا دەیهێنین، کاریگەرییەکی ئەوتۆشی لەسەر بازرگان نابێت، بازرگانیش بیەوێت دەتوانێت بە کونی دەرزیدا شت بهێنێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان پەکی ناکەوێت.

هەروەها بێستوون سابوراوایی، دەڵێت: چەندین دەوڵەمەند ئامادەن لە ئۆکرانیاوە کاڵا هاوردە بکەن، ئۆکرانیا هەرچەندە لە تورکیا دوورتریشە، بەڵام بە نرخێکی هەرزانتر لە کاڵا تورکییەکان دەگاتە ئێمە، جێگرەوە زۆرە، دەتوانین لە چینەوە کاڵا بهێنین، بازرگانەکان بە نرخێکی زۆر هەرزان کاڵا لە چینەوە دەهێنن.

بەلای پسپۆڕانی ئابوورییەوە، دەکرێت بایکۆتی شتومەکی تورکی ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و گرنگیدانی زیاتر بە ئابووریی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی ناخۆیی،"بۆ ئەوەی ئەو پاشکۆیەتییەی کە ئێستا لەڕووی ئابوورییەوە هەمانە، نەمێنێت".

ش.ف