هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی بچووک هاندەدرێن

لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر، هەوڵدرا کە لە ڕێگای پرۆژەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هانی هاوڵاتیان بدرێت تاوەکو پرۆژەی بچووک ئەنجامبدەن.


ئەمڕۆ، زانكۆی هەولێر كۆنفرانسێكی ئابووریی لە هۆڵی زانكۆکە بەناونیشانی (ڕۆڵی بانكی ناوەندیی لە بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی) ڕێکخست، كە تێیدا چەندین بەرپرس لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بانكی ناوەندی و كۆڕبەندی بانكە تایبەتەكانی عێراق و چەندین مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووریی ئامادەی بوون.

فەرهاد كاكەیی، مامۆستای زانكۆ لەبارەی كۆنفراسەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەم كۆنفڕانسە لەسەر ئەوەیە بانكی ناوەندیی عێراق پڕۆژەیەكی هەیە، تاوەکو هاوڵاتییان پڕۆژەی بچووكی پێبكەن و بتوانن باری دارایی خۆیان چاك بكەن و چیتر نەبنە بارێك بەسەر ئابووریی وڵاتەوە.

ئەو مامۆستایە، ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە وەكو ناوەندێکی زانستی هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی بتوانیین هاوكاربین لەنێوان دەسەڵات و بانكەكان و خەڵك، بۆ ئەوەی ئەو هاوكارییانەی هەیە لە شێوەی پڕۆژەی بچووك بگات بەخەڵك و باری ئابووریی وڵات بەرەو پێشەوە بچێت.

لە كۆنفڕانسەكەدا چەندین ئابووریناس و پسپۆڕ و بەرپرسانی حكومی و كەرتی تایبەت بەتایبەت لە كەرتی بانكەكان گوێیان بۆ چەندین ژمارە هەڵخستبوو كە لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانەوە دەخرانە روو لەبارەی پڕۆژەی بچووك و باری دارایی عێراق و كەرتی بانكەكان و چۆنێتی بەرەو پێشبردنی زیاتری كەرتی بانكەكان و هەروەها باشتركردنی بارودۆخی ئابووریی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی گشتی.

ب.ل