هاوڵاتیان کەمترین و هەرزانترین پێداویستیی جەژن دەکڕن

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، هاوڵاتیانی هەرێمی ئامادەکاریی بۆ جەژن دەکەن، بەڵام کەمترین پێداویستیی و لەناویشیاندا هەرزانترین جۆریان دەکڕن.


بەپێی پێشبینییەکان، سبەینێ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، هەموو ساڵێک-یش لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕەمەزان-دا، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە بازاڕ دەکەن و پێداویستییەکانی جەژن دەکڕن، کە سەرەکییترینیان خورادن و خورادنەوە و چکلێت و  پۆشاکە.

قەیرانی دارایی، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤-ەوە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، ساڵ بە ساڵ زیاتر کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دادەنێت و کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان پڕدەکەنەوە.

بە ڕووکردنە بازاڕ لەم جەژنەدا بە ڕوونیی ئەو کاریگەرییە دەبیندرێت، ئەگەر چی ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ کڕینی پێداویستییەکانی جەژن ڕوویان لە بازاڕ کردبێت، تا ڕادەیەک زۆر بێت، بەڵام کەمترین پێداویستیی دەکڕن و هەوڵ دەدەن سەرەکیترینیشیان بکڕن، هەروەها لەجیاتی ڕووکردن لە مۆڵەکان و کڕینی کەلوپەلی گرانبەها، لە دەوری عارەبانەکان و کەلوپەلە هەرزانەکان کۆدەبنەوە و دەیانکڕن.

ڕۆژنیوز لە بازاڕی شاری هەڵەبجە، کڕیاران و فرۆشیارانی دواند و سەبارەت بە ڕەوشی بازاڕ و کڕیاران پرسیاری لێکردن، ئەوان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە بەهۆی بەردەوامیی پاشەکەوتی مووچە و قەیرانی داراییەوە، هاوڵاتی گرنگیی بە بەرزیی کوالێتی کاڵاکان نادات و هەوڵ دەدات بە کەمترین تێچوو هەندێک لە پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات.

عه‌بدولباست جه‌لال، یەکێک لە مامۆستایانی ئاینیی شارەکە، لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە، بانگەوازیی بازرگانان و فرۆشیاران کرد، کە جەژن وەک دەرفەت بۆ گرانکردنی کاڵاکانیان نەقۆزنەوە و ڕەچاوی دۆخی خراپی دارایی بکەن و نرخەکان هەرزان بکەن، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان-یش توانای کڕینیان هەبێت.

 

 

ش.ف