هندستان هۆشداریی توند دەداتە دەوڵەتی تورک

وەزارەتی دەرەوەی هندستان بەهۆی دەستێوەردانەکانی لە کێشەی کشمیر، بە توندی دەوڵەتی تورک هۆشیار دەکاتەوە و ڕایدەگەینێت کە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هندستان نەکات.


دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی هندستان بە ڕاگەیندراوێکی فەرمی دەوڵەتی تورکی لەسەر دەستێوەردان لە کێشەی کشمێر هۆشیار کردەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان و هەروەها لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دەستێوەردانی دەوڵەتەکەی لە کاروباری کشمیر کردبوو و ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لەگەڵ گەلی کشمیرین، هەوڵدەدەین کێشەی کشمیر بە لەبەرچاوگرتنی برایانی کشمیری بە دیالۆگ لەگەڵ برایانی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر بکەین".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی هندستان هاتووە: "هەموو ئەو شتانەی لەسەر جامو و کشمێر کە پارچەیەکی هندستانە دەوترێت، ڕەتدەکەینەوە، کاربەدەستانی تورکیاش هۆشیار دەکەینەوە کە دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆیی هندستان نەکەن، داواش لە تورکیا دەکەین بە تێڕوانیینێکی ڕاستەوە لەو تیرۆرەی لە پاکستانەوە بڵاوەی هندستان و هەموو ناوچەکە دەکرێت، نزیک ببێتەوە".

دوای سەربەخۆیی هندستان و دەرچوونی لەژێر هەیمەنەی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٧، جامو و کشمیر بووەتە بابەتی ناکۆکی و ڕێککەوتنەکانی هند و پاکستان و سەرەڕای هەوڵ و دەستێوەردانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوسیا، چین و ئەمریکاش، هێشتا ئەو کێشەیە وەک خۆی ماوەتەوە.

بەپێی دەستووری بنەڕەتی هندستان کە لە خاڵی ٣٧٠ هاتووە، جامو و کشمیر وەک ئەیالەتێک خاوەن پێگەیەکی خۆبەڕێوبەرییە، بەڵام ئەم خاڵە ساڵی ڕابردوو لە دەستووری بنەڕەتی هندستان لابرا.

ک.س