هه‌رزان ‌بازاڕێك بایكۆتی كاڵای توركی ده‌كات

لە باشوری کوردستان بایكۆتكردنی كاڵا و شتومه‌كی توركی  به‌رده‌وامیی هەیە، لەوچوارچێوەیەدا هه‌رزان‌ بازاڕێك بایكۆتی كاڵای توركی ده‌كات و باس لەوەش دەکەن، کە چیتر شتومه‌ك و كاڵای توركی نایهێنن.


له‌ شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، هه‌رزان‌ بازاڕی لاندی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌رزان‌ بازاڕه‌ گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه‌، بایكۆتكردنی كاڵای توركی ڕاگه‌یاند.

ئاسۆ عه‌دنان خاوه‌نی  بازاڕه‌كه‌ بە ڕۆژنیوزی وت: له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بایكۆته‌وه‌، زیانێكی زۆرم پێگه‌یشتووه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌نێو دووكانه‌كه‌دا هه‌ن و ماركه‌یان توركییه‌، نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت كڕیاران نایكڕن و سه‌یریشی ناكه‌ن، بۆیه‌ منیش بڕیاری ئه‌وه‌مدا بایكۆتی كاڵای توركی بكه‌م و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یهێنم بۆ هه‌رزانه‌ بازاڕه‌كه‌م.

ئاسۆ دەڵێت: له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌وه‌ تا ئێستا شه‌ش جۆر شتومه‌كم به‌ سه‌یاره‌ی گه‌وره‌ بۆ هاتووه‌ به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركی بووه‌ نه‌مكڕی وه‌ و دام نه‌گرتووه‌، جارێكی دیكه‌ دووباره‌ كاڵا و شتومه‌كی توركی به‌ هێچ شێوه‌یه‌ك ناخه‌مه‌ ناو دووكانه‌كه‌م .

ئاسۆش وەک هەزاران کەسی دیکە هۆکاریی بایکۆتەکەی گەڕاندەوە بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

س.ح