هودا سەجاد: عێراق دەتوانێت پارەیەکی زۆر لە تورکیا وەربگرێتەوە

جارێکیتر پەرلەمانتارێک داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ڕۆڵ بگێڕێت لە یەکلاکردنەوەی دۆسییەی کڕینی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە، کە لە دادگادایە، دەشڵێت: عێراق دەتوانێت بە بردنەوەی دۆسییەکە پارەیەکی زۆر بگێڕێتەوە عێراق.


هودا سەجاد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەسر، کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، دەربارەی سکاڵاکەی حکومەتی عێراق لەسەر دەوڵەتی تورک لە دۆسییەی نەوتدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

هودا سەجاد، دەڵێت، لەسەر ئەوەی كە تورکیا نەوتی لە حكومەتی هەرێم كڕیوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندی سکاڵای لەسەر حكومەتی توركیا تۆمارکراوە، "داوا دەکەین کە حکومەتی عێراق ناوەڕۆکی سکاڵاکە بخاتەڕوو".

ڕاشیگەیاندووە:، وەک فراکسیۆنەکەیان دەربارەی دۆسییەکە پرسیاریان ڕەوانەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران کردووە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە و چاوەڕێی وەڵامن "دەبێت بە وردی ئەنجامەکان ڕوون بکرێنەوە، چونکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی پارەیەکی زۆر بۆ عێراق".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ١٦ی ئەم مانگەدا، هودا سەجاد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە ڕۆژانی ٢٤ بۆ ٢٦ی ئەم مانگە، دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسییەکە بەڕێوەدەچێت و چاودێریی دەکەن بزانن بە کوێ دەگات.

س.ح