هیچ بەرهەمێكی ناوخۆ زیاتر لە ٥٠٪ی پێویستی ناوخۆ دابین ناكات

لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەری پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، هیچ بەرهەمێكی ناوخۆ زیاتر لە ٥٠٪ی پێویستی بەرهەمی ناوخۆ دابین ناكات، بۆیە پێویستە پێناسە گومرگییەكان بە هەنگاو زیاد بكرێت نەك بەشێوەیەك بێت كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست بكات .


لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی قەدەغەکردنی هاوردەکردنییەوە، نرخی هێلکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، لەسەر ئەو پرسە، لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەری پەرلەمانی هەرێم بەدوادا چوونی کردووە و ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لە بینای پەرلەمان ئەنجامی بە دوادا چونەکەی خستەڕوو.

لە کۆنگرەکەدا بەختیار شوكری سلێمان، ئەندامی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیاری حكومەتی ناوەند بۆ پێناسەی گومرگی بۆتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی هەندێ كەلوپەل لە هەرێمی كوردستان و عێراق و بەشێوەی نەرێنی كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە .

وتیشی: دوای بەدواداچوون بۆمان ئاشکرابووە، هیچ بەرهەمێكی ناوخۆنیە زیاتر لە ٥٠٪ی پێویستی ناوخۆیی دابین بكات، هەندێ بابەتیش هەن تەنها ١٠٪ی پێویستی ناوخۆ دابین دەکەن و گران بوونی پێناسەی گومرگی کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخ هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو قەدەغەكردنی هێلكە و هەندێ كەلوپەل كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە، بۆیە پێویستە پێناسەی گومرگ هەنگاو بە هەنگاو گرانبکرێت نەوەك بە یەكجار قەدەغە بكرێت و كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك بكات .

ئاشکراشیکرد کە تا ئێستا سیستەمێكی یەكگرتووی كوالێتی كۆنترۆڵ لە سنورەكانی هەرێم و عێراقدا نییە. 

ک.س