هێرش بۆسەر پاڵاوگەکانی سعودیە ٢٠٪ بەهای نەوتی بەرزکردەوە

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هێرش کرایەسەر دوو مەیدانی نەوتی بەقیق و حەقل خەریس لە وڵاتی سعودیە و نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتەی ڕاگرت، بەهای نەوت لە بازارەکانی جیهان ٢٠٪ بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ و بە کرانەوەی بازاڕەکانی نەوت، لەژێر کاریگەری هیرش بۆسەر پاڵاوگەکانی نەوتی سعودیە و ڕاگیرانی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە پێنج ملیون و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئەو وڵاتە، بەهای جیهانی نەوت ٢٠٪ هەڵکشا.

لە ئێستادا بەهای نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە چوار مانگی ڕابردوودا، بەپێی ئەوەی بەهای نەوتی خاوی برێنت ٢٠٪ هەڵکشاوە و بەهای نەوتی تەکزاسیش ١٥٪ هەڵکشاوە.

دەوترێت گەڕانەوەی ئەو دوو پاڵاوگەیە بۆ سەر هێڵی بەرهەمهێنان و ڕەوتی ئاسایی پاڵاوتن، چەندین هەفتە کاتی پێویستە، لە ئاکامی ئەو هیرشانەدا بۆسەر دوو پالاوگەی بەقیق و حەقل خەریس بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتی سعودیە ڕۆژانە پێنج ملیون و ٧٠٠ هەزار بەرمیل کەمیکردووە کە دەکاتە زیاتر لە ٥٪ی نەوتی جیهان.

س.ح