هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆنفراسێکی ئابووریی نێودەوڵەتیی دەکات

بازرگانانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسیی ئابووریی ئستۆنیا دەکرێن، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەی  هەرێمی کوردستان-یش دەڵێت: لەڕێگەی ئەو کۆنفرانسەوە دەتوانین پەیوەندییە ئابوورییەکانمان فراوان بکەین و بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بکەین.


ئەمڕۆ، لە بینای یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هاوردە و هەناردەکاران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا، سەبارەت بە بانگهێشتکردنیان بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئابوریی وڵاتی ئستۆنیا، کە لە ڕۆژی ١٢/١١/٢٠١٨ دەستپێدەکات و دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت. 

لە کۆنگرەکەدا، شێخ مستەفا، ئاماژەی بە گرنگیی کۆنفرانسەکە کرد بۆ هەرێمی کوردستان و وتی:"هەرێمی کوردستان تەنیا لەگەڵ ئێران، تورکیا و سین پەیوەندیی بازرگانیی هەیە، لەڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە دەتوانی پەیوەندییەکانمان بەرفراوان بکەین و ڕاستەوخۆ کاڵای ئەوروپیی بهێنینە هەرێمی کوردستان بۆ دوورکەوتنەوە لە کاڵای خراپ، چونکە ئەوروپا گرنگیی بە کوالێتیی دەدات". 

وتیشی: ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لەگەڵ ئەوروپا کاربکەن دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبکەن، بۆ ئەوەی بەشداری کۆنفرانسەکەیان بکەین.

کۆنفرانسی ئستۆنیا، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپایە، کە ساڵانە لە وڵاتی ئستۆنیا بەڕێوەدەچێت و بۆ یەکەم جارە کورد بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکات.

 

ش.ف