هەرێمی کوردستان دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی قەتەر دەڕەخسێنێت

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر-ی دۆستی دەوڵەتی تورک کۆبووەوە و دەربارەی زەمینەی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی قەتەر لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.


ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە جیا لەگەڵ هەریەک لە شێخ عەبدوڵا بن ناسر، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و محەمەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر-دا کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و شێخ عەبدوڵا بن ناسر-دا، باس لە پەیوەندییەکانی قەتەر و هەرێمی وکردستان کراوە، هەروەها "ده‌رفه‌تی کار و وه‌به‌رهێنه‌رانی قه‌ته‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان" بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر-یش "زه‌مینه‌ی له‌باری وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ که‌رتی تایبه‌تی قه‌ته‌ری و هه‌وڵدان بۆ کردنه‌وه‌ی کونسوڵخانه‌ی قه‌ته‌ر-یان له‌ هه‌رێمی کوردستان" تاوتوێ کردووە.

ئەم سەردانە و دەرگا واڵاکردن بۆ وەبەرهێنەرانی قەتەر لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کە لەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوڵاتیانی باشوری کوردستان هەڵمەتێکی بەرفراوانی بایکۆتکردنی کاڵای تورکییان دەستپێکردووە، قەتەریش یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی، کە پشتیوانیی ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکی کرد.

ش.ف