هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە سێ ڕێگاوە بەشەبودجە زیاد بکات

لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق-دا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکرێت، فراکسیۆنە کوردییەکانیش دەیانەوێت بە سێ ڕێگا پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا زیاد بکەن.


بڕیارە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام هەتا ئێستا کارنامەی دانیشتنەکە بڵاونەکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە ڕۆژنیوزی داوە، لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بۆدجەی گشتیی ٢٠١٩ی عێراق دەکرێت.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، کە بە ڕێژەی ١٢.٦٧لە پرۆژەکەدا جێگیرکراوە، بەشیر حەداد، وتی، کە وەک فراکسیۆنە کوردییەکان هەوڵ دەدەن لە سێ ڕێگای دیکەوە پشکی هەرێم زیاد بکەن، نەک داواکاریی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەکە.

حەداد، ئاماژەی بەو ڕێگایەنە کرد و وتی، کە ئەوان ڕازین پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ١٢.٦٧٪ بمێنیتەوە، بەڵام لەدەرەوەی ئەو بودجەیە، عێراق موچەی پێشمەرگە، فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج بکات.

هەروەها، ئاماژەی بە ڕێگای دووەم و سێیەم کرد، کە ئەویش جیاکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستانە لەو قەرزە نێودەوڵەتییانەی، کە عێراق وەری دەگرێت، ڕێگای سێیەمیش ئەوەیە بودجەی خەرجیی سیادیی لە پشکی هەرێمی کوردستان نەبڕدرێت.

ساڵانە لە بودجەی گشتیی عێراق بڕێک پارە بۆ خەرجیی سیادیی تەرخان دەکرێت، کە بۆ چەند پرۆژەیەکی وەک، دورستکردنی بەنداو، پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکان، کڕینی دەرمان، بەشە خۆراکی مانگانە و چەند بابەتێکی دیکە خەرج دەکرێت.

 

ش.ف