هەرێم ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا لە پەرلەمانتاران دەشارێتەوە

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا پرسی بودجە و مووچە و داهات لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوتوێکرا و تێیدا ڕەخنە لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم گیرا، کە ڕووانگەیەکی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا نییە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ئێمە ئەنجامی گفتوگۆکان لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەبیستین.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ھۆتێل تایتانیکی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی کوردستان بۆ ھەمووان گفتوگۆیەکی کراوەی بەناونیشانی 'بودجە، مووچە و داھات' بۆ ھەریەکە لە ئەحمەدی حاجی ڕەشید و شیروان میرزا، ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێکخست.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، شیروان میرزا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد: حکومەتی ھەرێم گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکانییەتی لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی لەباریش ھەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و دەبێت ھەلەکان بقۆزینەوە و لەدەستی نەدەین.

شیروان میرزا وتیشی: بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پێویستمان بەوە ھەیە کە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێممان لا ڕوونتر بێت، ئێمە ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەبیستین، ئومێد دەکەین لەو ماوەیەی کە ماوە بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی نوێی عێراق، بەغدا و ھەولێر بگەنە لێکتێگەیشتن.

پاشان ئەحمەدی حاجی ڕەشید، قسەیکرد و باسی لەوەکرد، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی ١٠٨ ملیار دۆلار لە بەغداوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان، "ئێستا هەموو کەسێک ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت کە بۆچی هەرێم داهاتەکەی ڕادەستی بەغدا ناکات، نوێنەرانی کوردی ڕووبەڕووی شەرمەزاریی کردووە، کە چۆن داوای مافی خۆت دەکەیت، بەڵام پابەندییەکان جێبەجێ ناکەیت"

بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بەغدا دەیەوێت ھەرێم بکات بە بەشێک لەو کەیسەی کە لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی دژ بە تورکیا تۆماری کردووە و داوای ٢٤ ملیار دۆلار قەرەبووی لێدەکات، بەرامبەر بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوەی بۆ بەغدا.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبووانیدا کرایەوە و پرسەکانی پەیوەست بە بوودجە و مووچە و داهاتی ساڵانەی عێراق تاوتوێکران.

 

ش.ف