"هەرێم قەرزی کۆمپانیایەکی داوەتەوە کە بەرهەمهێنانی لە نەوتدا نەکردووە"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆمەتی تەرخانکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ دانەوەی قەرز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لە داواکاری گشتیی عێراق سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: حکومەتی هەرێم دەڵێت قەرزی کۆمپانیایەکمان داوەتەوە، کە لە ڕاستیدا ئەو کۆمپانیایە وەبەرهێنانی لە نەوتی هەرێمدا نەکردووە.


ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ئەمساڵ، غالب محەمەد عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە تۆمەتی تەرخانکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ دانەوەی قەرز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لە داواکاری گشتیی عێراق سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکرد.

غالب محەمەد بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەگەر حکومەتی هەرێم قەرزداریش بێت، پێچەوانەیەی یاسایە کە بە پارەی مووچە ئەو قەرزە بداتەوە و دەشڵێت: ئەم پارەیەی کە دێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانە، بۆیە دانەوەی قەرز لە مووچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم پێشێلی دەستوور و یاسای عێراقی کردووە.

ئەو ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەش ئاشکرادەکات، کە "وەزیری دارایی خۆی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری کۆمپانیای ڕۆسنەفت قەرزارن، ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان داوەتەوە، کە لە بنەڕەتدا ڕۆسنەفت هەر وەبەرهێنانی لە نەوت-دا نەکردووە تا حکومەتی هەرێم قەرزاری ببێت، بەڵکو تەنها بۆری گواستنەوەی نەوت-ی پێ فرۆشراوە، کە حکومەتی هەرێم بۆرییەکەی پێ فرۆشتووە، بۆچی هەر حکومەتی هەرێم قەرزداری ئەو کۆمپانیایە، کەواتە بابەتی قەرز تەنها بەهانەیە بۆ بردنی پارەی مووچە".

بەگوێرەی ماددەی ١٠ لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، حکومەتی عێراق مانگانە پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بەوتەی غالب محەمەدیش، تا ئێستا حکومەتی عێراق پارەی مووچەی پێنج مانگی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم تائێستا تەنها دوو مووچەی دابەشکردووە.

بەپێی ئەو ئامارەی کە غالب محەمەد خستوویەتییە ڕوو، حکومەتی عێراق ئەمساڵ دوو ترلیۆن و ٢٦٦ ملیارد دیناری بۆ مووچەی پێنج مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم تائێستا تەنها مووچەی دوو مانگی دابەشکردووە.

هەر بەپێی ئامارەکەی غالب محەمەد، جگە لەو پارەیەی کە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردوویەتی، حکومەتی هەرێم لەمساڵدا داهاتی نەوتی فرۆشراوی بریتیبووە لە چوار ترلیۆن و ٧٣٨ ملیارد دینار، لەگەڵ ئەوەشدا کۆی داهاتی ناوخۆی بریتیبووە لە ٧٥٠ ملیارد دینار، واتا کۆی داهاتی ئەم پێنج مانگەی حکومەتی هەرێم بریتیبووە لە ٧ ترلیۆن و ٣٠ ملیارد دینار، لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتی هەرێم مووچەی هەر پێنج مانگەکەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەکەوت دابەشبکردایە، ئەوا تەنها پێویستی بە چوار ترلیۆن و ٤٠٥ ملیار دینار  دەبوو، دوو ترلیۆن و ٦٢٩ ملیار دیناریش بۆ حکومەت دەمایەوە.

دابەشنەکردنی مووچەی ئەو سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هۆکارەکەی لەلایەن غالب محەمەدەوە بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کەوا حکومەتی هەرێم پارەی مووچەی فەرمانبەرانی داوەتەوە بە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت-دا.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوورە لەسەر سکاڵاکەی لەدژی حکومەتی هەرێم و دەڵێت: ئەگەر بۆم دەرکەوت کە داواکاری گشتیی عێراق ناتوانێت ئەم کەیسە بجوڵێنێت، ئەوکات هەوڵدەدەم کەمپەنێک لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەین و لە دادگای فیدراڵیی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکەین.

حکومەتی عێراق مانگانە ٥١٧ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێویستی بە زیاتر لە ٨٥٠ ملیار دینار هەیە و لە داهاتی نەوت لە ناوخۆدا مووچەی فەرمانبەران تەواو دەکات.

ڕۆژی ١٥ی ئایاری ئەمساڵیش، ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکدا لە زاری هەریەک لە سەرکەوت شەمسەدین و ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی ئاشکراکرد، کە ماوەی چوار مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی لە تورکیاوە بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەشنەکردنی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دادەنرا.

بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی نزیکەی ١٥ بۆ ٢٨ ملیار دۆلار قەرزدارە، بەشێکی ئەو قەرزانەش هی کۆمپانیاکانی بواری نەوتە، پێشتریش وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستبووەڕوو، کە حکومەتی هەرێم زیاتر لە ملیارێک دۆلار قەرزی داوەتەوە.

س.ح