هەناردەکرنی نەوتی ئێران گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی

ڕێژەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانی کڕیاری کیشوەری ئاسیاوە لە مانگی ئەیلولەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.


بەپێ ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزی بەریتانی، ڕێژەی هاوردەکرنی نەوتی ئێران لە لایەن سێ کڕیاری سەرەکیی ئاسایی واتە چین، ژاپۆن و کوریای باشوور، لەم مانگەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٣٢ مانگی ڕابردوودا.

هەفتەی ڕابردووش دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی چین واتا "کۆمپانیای میللی نەوتی چین" و "ساینوپک" کە لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران بوون، بڕیاریاندا داوە هاوردەکردنی نەوتی ئێران ڕابگرن. 

بێژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران ڕەتیدەکاتەوە کە نەوتی ئێران لە ڕێگەی ڕووسیاوە بفرۆشرێت، ئەمڕۆ پێش دانیشتنی دەستەی وەزیرانی دەوڵەتی ئێران زەنگەنە ڕایگەیاند، ئەو قسانەی ڕۆیتەرزی بەریتانی و هەندێک لە میدیاکان سەبارەت بەم بابەتە بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە ڕاستیی.

بڕیاروایە، گەمارۆکانی سەر ئێران کە بەتایبەت نەوتی ئێرانیان کردووتە ئامانج، هەفتەی داهاتوو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ش.ف