هەناردەی نەوتی ئێران  ٧٨.٥٪ کەمی کردووە

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و گەمارۆ خستنەسەر پیشەسازی و هەناردەی نەوتی ئێران، ئێستا ئێران ڕۆژانە تەنیا ٣٨٦ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.


ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵ گەیشتووەتە ٣٨٦ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا و ئەمەش کەمترین ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێرانە لە پێنج ساڵی ڕابردوو تا ئێستا و بە واتای ئەوەیە کە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە  ٧٨.٥٪ کەمیکردووە.

هەروەها دەربارەی هەناردەی نەوتی سێ هەفتەی ئەم مانگە، ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ هەفتەی دەستپێکی ئەم مانگەدا نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئێران پێش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی، دەیتوانی ڕۆژانە دوو ملیون و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بفرۆشێت.

س.ح