هەناردەی نەوتی ئێران کەمترین ڕێژەی تۆمارکرد

هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی نیساندا، کەمترین ڕێژەی لە ١٠ ساڵی ڕابردوو تۆمارکرد.


هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە بە تایبەت لەسەر کەرتی پیشەسازی نەوت و بانک، هەروەها بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕویتەرز، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوو (نیسان)، لە ڕۆژێکدا ٧٠ هەزار بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە مانگی پێش ئەوە، واتا مانگی ئازار، لە ڕۆژێکدا ٢٨٧ هەزار بەرمیل بووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەمە کەمترین ڕیژەی هەناردەی نەوتی ئێرانە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا و پێدەچێت، لە باشترین حاڵەتدا ئێران بەم دۆخەوە ڕۆژانە کەمتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات.

کێشەیەکی دیکەی دەوڵەتی ئێران ئەوەیە کە بەهۆی گەمارۆی سەر سیستمی بانکەکانی، ئەو نەوتەش کە دەیفرۆشێت، ناتوانێت پارەکەی وەرگرێتەوە.   

ک.س