هەولێر، دروێنە دەستیپێکرد جوتیارانیش داوای پارەی گەنمی ساڵانی ڕابردوو دەکەن

هێشتا بەشێک لە جوتیارانی هەرێم پارەی بەرهەمی سێ ساڵیان وەرنەگرتووە، لە ئێستاشدا لە پارێزگای هەولێر وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ دەستیپێكردووە، جوتیارانیش نیگەرانن لەکەمی ئەو بڕە گەنمەی لە سایلۆکان لێیان وەردەگیرێت، وەك خۆشیان دەڵێن متمانەیان بە حكومەت نەماوە، وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت: داوایان لە بەغدا كردووە بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم زیادبكەن.


 دەستپێكردنەوەی وەرزی دروێنەی ئەمساڵ لە كاتێكدایە بەهۆی زۆری باران و دواكەوتنی وەرزی بەهار، وەرزی دروێنە ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژ دواكەتووە جوتیارانیش نیگەران لە شێوازی وەگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان و پێنەدانی پارەی ساڵانی ڕابردوویان و لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد .
كەریم محەمەد، زیاتر لە ٣٠ ساڵە جوتیارە و زەویەكەی کردووە بە گەنم دەڵێت: "هیچ متمانەیەك لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و جووتیاردا نەماوە، چونكە هەر یەكێك لە ئێمەی جووتیار پارەی چەند ساڵێكمان لای حكومەتە و تاوەكو ئێستا وەرمان نەگرتووە".
دەشڵێت: ئێمە نیگەرانین لە شێوازی وەگرتنی گەنم لە سایلۆكان، چونكە ئەگەر ئێمە بیست و یەك تەن گەنممان هەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها شەش تەن و نیومان لێوەردەگرێت و بە ناچاری ئەو بڕەی دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاری ڕەش بە هەرزان بیفرۆشین، ئەوەش زیانمان لێدەدات و ئەو پارەیەمان بۆ دەرناهێنێتەوە کە لێمان خەرج کردووە.

نافیع مستەفا، جوتیارێكی دیکەیە و داواكارە لە كاتی ڕادەستكردنی بەرهەمی گەنمەكەیان حكومەتی هەرێم پارەكەیان پێبدات، یاخود كاتێك دیاری بكات بۆ پێدانی پارەكە لەبەرئەوەی "من ئێستا پارەی ساڵانی (٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦)م لای حكومەتە و هێشتا وەرم نەگرتووە، ئەوەش هیچ متمانەیەكی لە نێوان ئێمە و ئەو كەسانەی كە كەلوپەلی كشتوكاڵیان لێدەکڕین نەهێشتووە و چیترشتمان بە قەرز نادەنێ).

لای خۆیەوە نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم دیاریكراوە بە ٣٤٠ هەزار تۆن خەمڵێنراوە، ئەویش ١٠٠ هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر و ١١٢ هەزار تۆن بۆ پارێزگای دهۆك، ٨٠ هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و ٢٠ هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ٢٤ هەزار تۆنیش بۆ ئیدارەی گەرمیان دانراوە.
باسی لەوەشكرد كە بۆ چارەسەری كەم وەرگرتنی گەنمی جوتیاران سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عیراقی كۆبوونەتەوە و بەڵێنیان پێداون بڕەكەیان بۆ زیاد دەكەن، بۆیە داوایانكردووە نووسراوێكیان بۆ بەرز بكەنەوە. لەوبارەیەشەوە ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی وتی: "ئێمە نووسراومان بۆ كردوون بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، بۆیە چاوەڕوانی وەڵامی بەغدا دەكەین، چونكە ئێستا هەموو پارێزگاكانی عێراق بەدەر لەو خشتەیەی دیاری کرابوو دەرگایان بۆكراوەتەوە كە بری پێویست گەنمیان لێ وەربگیرێت، تەنها هەرێمی كوردستان ماوەتەوە كە چاوەڕوان دەكەین ئەو بڕیارە بۆ ئێمەش دەربكەن".
لەبارەی شێوازی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش نەوزاد ئەدهەم، باسی لەوەكرد كە لە هەر پارێزگایەك لیژنەیەك هەیە بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتی سایلۆكان و ئاسایش و بازرگانی ئەوان بەرپرسیاردەبن لە وەرگرتنی گەنم، دواتریش چەند لیژنەیەك لە بەغداوە دێن و سەرپەرشتی وەرگرتنی گەنمەكە دەكەن و نموونە وەردەگرن و وەزارەتی بازرگانیش هەماهەنگی دەكات بۆ ئەو پێویستیانەی كە پرۆسەكە هەیەتی" .

ک.س