هەوڵی دروستکردنی ڕێکخراوێک تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان دەدرێت

کۆمەڵێک گەنج خۆبەخشانە لاپەڕەیەکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دروستکردووە بۆ ناساندی کارگەو بەرهەمە ناوخۆییەکانی باشوری کوردستان، دەشڵێن لە داهاتوودا ئامانجیان ئەوەیە، کە ڕێکخراوێکی تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان دروستبکەن.


لەدوای بایکۆتکردنی کاڵاو بەرهەمی تورکی، هەوڵەکان بۆ ناساندن و برەودان بە بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوامە، لەپێناو ئەوەی جارێکی دیکە هاوڵاتیان ڕوو لە بەکارهێنانی بەرهەمی دەرەکی نەکەوە و ناچار نەبن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان کاڵای دەرەکی بەکاربهێنن.

کۆمەڵێک گەنج خۆبەخشانە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، لاپەڕەیەکیان دروستکردووە بەناوی (made in Kurdistan ( واتا دروستکراوی کوردستان، ئەم گەنجانە خۆبەخشانە کار دەکەن و ئامانجیان ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکانە.

لەماوەیەکی کەمدا خەڵکانێکی زۆر بوونە بینەری بڵاوکراوەکانی ئەم پەڕە تایبەتییە، بەشیوەیەک کە ئێستا نزیکەی ٢١ هەزار کەس بڵاوکراوەکانیان دەبینن، ئەم گەنجانە لەبەرامبەر ئەو ڕیکلامانەی بۆیاندێت و بڵاوی دەکەنەوە هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرن، بێجگە لەو ڕیکلامانەی بۆیان دێت، خۆشیان سەردانی کارگە ناوخۆییەکان دەکەن و بەرهەمەکانیان دەناسێنن.

عەلی ئیبراهیم، یەکێک لە بەڕێوبەرانی ئەو پەڕە تایبەتییە لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە وتی: دوای ئەوەی خەڵک بایکۆتی کاڵای تورکی کرد، پێمان وابوو تاکە جێگرەوە بۆ بەرهەمە دەرەکییەکان بەرهەمی ناوخۆییە، بۆیە بیرمان لەوەکردەوە کە بەشێوەیەک بەرهەمە ناوخۆییەکان بناسێنین، بۆیە هەستاین بە دروستکردنی ئەو پەیجە، سوپاس بۆخوا لە ماوەیەکی کورتدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، توانیمان لەڕێگای ئەم هەوڵەمانەوە چەندین بەرهەمی ناوخۆیی بناسێنین و چەندین هەلی کار بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنین.

ئامانجیان دروستکردنی ڕێکخراوێکە

بەپێی وتەی خۆیان ئەم کۆمەڵە گەنجە ئامانجیان ئەوەیە کە لەداهاتوودا ئەگەر مۆڵەتیان پێبدرێ و هاوکارییەکی ماددی بکرێن، ڕێکخراوێکی تایبەت بە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دابمەزرێنن، بۆ بەرەپێدان و بەرزکردنەوەی بڕ و بەهای بەرهەمی ناوخۆیی.

د.ع