هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی گەمارۆی سەر ئێران لەسەر هەرێم کرا

لە پانێڵێکدا لە شاری سلێمانی، هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی گەمارۆی ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان کرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی چاوی کورد لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، پانێلێکی بەناونیشانی "گەمارۆکانی سەر ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان"، بۆ هەریەکە لە مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی هاوردەکار و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و هاوبیر ئەنوەر، وەبەرهێن سازکرد.

لە سەرەتای پانێلەکەدا، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی هاوردەکار و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان قسەیکرد و وتی: لەم قۆناغەدا گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ناوخۆی ئێران نابێت، چونکە لە ناوخۆی ئێراندا کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە هەن، ئەگەر سزاکان نەچنە قۆناغی دیکەوە و وابکات، کە ماددە خامەکانی ئەو کۆمپانیانەش گەمارۆی بخرێتە سەر.

بەوتەی ناوبراو، گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە دەڵێت: ئەمریکا پێیخۆشە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرکەوتوو بێت، بۆیە ڕەنگە زۆر فشار بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی لەنێوان عێراق و ئێراندا نەکات.

لەبارەی جێگرەوەی ئێرانیشەوە بۆ هاوردەکردنی بەرهەم، سەرۆکی گشتیی هاوردەکار و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام بە پلەی یەکەم لەگەڵ تورکیا و بە پلەی دووەم لەگەڵ ئێران بازرگانیی دەکەین، هەروەها دەتوانین لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و چین و ڕوسیا و میسریش بازرگانیی بکەن و لە بەندەری بەسرەوە بەرهەمەکان هاوردە بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شاند بنێرن بۆ ئێران، بۆ ئەوەی پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوامبێت.

پاشان یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، قسەیکرد و لە سەرەتای قسەکانیدا، باسی لەوەکرد، کە لە ئەنجامی کاریگەریی گەمارۆدا، داهاتی ناوخۆی ئێران کەمدەبێتەوە و قەرزەکانیش لەسەر ئێران زیاد دەبێت.

ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرێمی کوردستان دوو هەزار ماددە لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، وتیشی: جێگرەوەی ئەو ماددانەمان لە وڵاتانی دیکەوە دەستدەکەوێت.

لەبارەی هاردەکردن لە تورکیاوە، یاسین مەحمود وتی: هاوردەکردن لە تورکیاوە لەچاو ئێراندا زۆر گرانە، کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر نرخی بازاڕی هەرێم دەبێت.

وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان هۆشداریشیدا لەوەی، کە ئەگەر داهاتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرزنەکرێتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران.

یاسین مەحمود جەختیشیکردەوە، کە پێویستە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان ببووژێندرێتەوە و پەرە بە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی بدرێت.

دەربارەی ئەو شاندە بەزرگانییەی ئەمریکا، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ هەردوو ژووری بازرگانی سلێمانی و هەولێر کۆبوونەوە، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران ئەوەی خستەڕوو، کە ئەو شاندەی ئەمریکا بە بازرگانانی هەرێمی کوردستانیان وتووە، کە جێگرەوەی وڵاتی ئێران بدۆزنەوە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانیش بەهێزبکرێت.

دواتر، هاوبیر ئەنوەر، وەبەرهێن قسەیکرد و وتی: ئەگەر سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، ڕەنگە %۲٥ی خەڵک کرێکار بن و لەبواری کشتوکاڵیدا کار بکەن، %۷٥ەکەی دیکە لەسەر ڕەنجی ئەوان دەژین، واته ئەو بوارە گرنگانە پشتگوێ خراون، بۆیە دەبێت پەرە بە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی ناوحۆیی بدرێت و گوندەکان ئاوەدان بکرێت.

وتیشی: دەبێت خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین، پێویستیشە مەتبەخێکی سیاسیی ئابوورییمان لە هەرێمی کوردستان هەبێن.

 

 

ک.ک