وشکەساڵیی زیانی بە ئاژەڵدارانی گەرمیان گەیاندووە

دەرکەوتنی ئاماژەکانی وشکەساڵیی و نەبوونی لەوەڕگا، ئاژەڵدارانی گەرمیانی ناچار بە هەرزانفرۆشکردنی ئاژەڵەکانیان کردووە، چونکە بەوتەی خۆیان، ئەو داهاتەی کە لە فرۆشتنی بەری ئەمساڵیاندا دەستیانکەوتووە، تەنها بەشی کڕینی کاو و جۆ-ی کردووە بۆ ئاژەڵەکانیان.


کەمیی ڕێژەی بارانباریین لەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ئاماژەکانی وشکەساڵیی و لەو ناوچەیە زیادکردووە، بەشێوەیەک لە سنووری شارۆچکەکانی کفریی و خانەقین بووەتە هۆی کەمبوونەوە و نەمانی لەوەڕگا، ئەوەش بەزیان بۆ ئاژەڵدارانی سنوورەکە شکاوەتەوە.

عەلی کاکەبرا، شوانکارەیەکی گوندی سەیدە-ی سەر بە شارەدێی ڕزگارییە لە شارۆچکەی کەلار، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئاژەڵداری دەکات، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی:"ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانی وشکەساڵییەوە، سەوزایی و لەوەڕ بۆ ئاژەڵ زۆر کەمبووەتەوە و لەهەنێک شوێنیش هیچ لەوەڕ نەماوە".

نەبوونی لەوەڕی پێویست بۆ ئاژەڵان، نرخی کا و جۆ-شی بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک وەک عەلی کاکەبرا دەڵێت، جاران تۆنێک جۆمان بە ٤٠٠ هەزار دینار دەکڕی، ئەمساڵ بووەتە ٥٠٠ هەزار دینار و زیاتر، دەشڵێت: بەرهەمی بەری ئەمساڵم بە ناچاریی فرۆشت و پارەکەیم داوە بە کا و جۆ.

جەبار عەلی، ئاژەڵدارێکی شارەدێی خان-ی سەر بە کفرییە، بۆ ڕۆژنیوز ئەوە دەخاتەڕوو، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە و نەبوونی لەوەڕ، بەشێک لە ئاژەڵدارانی گەرمیان بە ناچاریی کۆچیان بۆ ناوچە کوێستانییەکان کردووە.

ئەو هۆکارانە وایکردووە، کە نرخی ئاژەڵیش تا ئاستی نیوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵداران بەناچاریی ئاژەڵەکانیان هەرزانفرۆش دەکەن.

وەک جەبار دەڵێت:"من ساڵانێکە ئاژەڵداری دەکەم، بەڵام ئەمساڵ هەموو ئاژەڵەکانم هەرزان فرۆشکرد، پێشتر جووتێک مەڕم بە ٤٠٠ هەزار و زیاتر کڕیبوو، بەڵام ئەمساڵ جووتیم بە ٢٠٠ هەزار فرۆشت.

ئاژەڵداران بەپێویستی دەزانن، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، حکومەت ئالیک و کا و جۆ-یان بەسەردا دابەشبکات، بەڵام وەک خۆشیان دەڵێن، تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هاوکارییەکیان نەکردوون.

شادییە حسێن، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، نایشارێتەوە کە هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە درکیان بە گرفتی وشکەساڵیی و کەمبوونەوەی لەوەڕ کردووە لە ناوچەکە، بۆ چارەسەرکردنیشی لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندییدارەکان کۆبوونەوەی نائاساییان ئەنجامداوە و دوو پێشنیاریشیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو-ی حکومەتی هەرێم کردووە.

سەبارەت بە پێشنیارەکانیش، شادییە حسێن وتی: پێشنیاری یەکەم دابینکردنی ئالیکی پێویستە بۆ ئاژەڵداران لەماوەیەکی خێرادا، کە ئەمە چارەسەری هەنوکەییە، پێشنیاری دووەمیش جێبەجێکردنی هەردوو پرۆژەی بەنداوی باوەنوور و بەردەسوور، بۆ ئەوەی ئەو زەوییانەی کە پشت بە باران دەبەستن ببن بە بەرئاو، کە ئەمەیان چارەسەری هەمیشەییە، بەڵام تائێستا وەڵامی پێشنیارەکانمان نەدراوەتەوە.

دەرکەوتنی ئاماژەکانی وشکەساڵیی لە گەرمیان لەکاتێکدایە، کە ڕووباری سیروان بەو ناوچەیەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە ئاوی ئەو ڕووبارە وەربگیرێت، ئەوەش بەهۆیی نەبوونی هیچ بەنداو و پرۆژەیەکی ئاویی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی لە ناوچەکەدا.

ب.ل