وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە ڕووی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە پاشەکشەی کردووە، قەیرانەکانی هەرێم و نەبوونی زەمینەی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، بە بەشێک لە هۆکارەکانی پاشەکشەی وەبەرهێنان دادەنرێت.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە بارەی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و پاشەکشەی وەبەرهێنان لە هەرێم، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنەران، لە ساڵی ۲۰۰٦-ەوە تاوەکو ۲۰۱۸، لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی ۷۰ ملیار دۆلار مۆڵەت بە پرۆژەی وەبەرهێنان دراوە، لەو بڕەش بایی ۱۳-۱٤ ملیارد دۆلار هەڵوەشاوەتەوە و ئەوەی کە ماوەتەوە، لە ساڵی ۲۰۰٦-ەوە تاوەکو ۲۰۱۸، ٨١٦ پرۆژە بە سەرمایەی ٤۷ ملیار و ۸۸۱ ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە بۆ سێ پارێزگای 'هەلێر-سلێمانی-دهۆک'.

بەوتەی یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران، لەو ٨١٦ پرۆژەیە، یەک لەسەر سێی دەستیپێنەکردووە و یەک لەسەر سێی ڕاگیراوە یان بەخاویی بەڕێوە دەچێت، یەک لەسەر سێ-شی تەواوبوون.

هەر بەگوێرەی ئامارەکە، لە کۆی ئەو پرۆژانەی کە لە ۱۲ ساڵی ڕابردوودا چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ۷٤۲ پرۆژەیان لەلایەن کۆمانیای خۆماڵیی ئەنجامدراون، ٤٥ پرۆژەشیان لەلایەن کۆمپانیای بیانییەوە ئەنجام دراون، هەروەها ۲۹ پرۆژەش بە هاوبەشیی لە نێوان کۆمپانیا بیانیی و ناوخۆییەکانی هەرێمدا ئەنجام دراون.

هەر بەپێی داتاکانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، ساڵی ۲۰۱۳ سەردەمی زێڕینی وەبەرهێنان بووە لە هەرێمی کوردستان لە ۱۲ ساڵی ڕابردوودا، کە تەنها لەو ساڵەدا بە سەرمایەی ١٠ ملیار و ۷۹۹ ملیۆن دۆلار پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام دراوە، لەو ساڵەش بەدواوە تاوەکو ئێستا، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە داکشان کردووە.

یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، ژمارەیەک هۆکار بۆ پاشەکشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکات، کە بریتین لە: قەیرانەکانی هەرێم بەگشتی و دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی چەتەکانی داعش، زیادبوونی ڕۆتینی ئیداریی و سستی لە ڕایکردنی مامەڵەی وەبەرهێنەران، خراپی دۆخی سیاسیی هەرێم و بەردەوامیی ململانێ سیاسییەکان، ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، دەرکەوتنی کەموکورتی لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم، نەبوونی زەمینەی گونجاو بۆ وەبەرهێنەران و پشتگوێخستنی نەخشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

س.ح