وەرنەگرتنی عمولە لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت

لە پارێزگای سلێمانی، ئاستی بەرهەمهێنانی سەوزە گەیشتووەتە ڕێژەی ١٠٠٪ و وەرنەگرتنی "عمولە"ش لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت، هاوردەکردنی مریشکیش قەدەغە دەکرێت.


ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لەگەڵ لیژنەی دیاری هاوسەنگی بەروبوومی سەوزەو میوە لە پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پاڵپشتیكردنی جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵییەكان باسییان لێوە کرا و لە پێناو بوژانەوە و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بڕیاردرا وەرنەگرتنی "عمولە" لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ بكرێت و لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی داواش لە جوتیاران دەکات لە ئەگەری وەرگرتنی پارەی "عمولە" سكاڵا تۆمار بكەن بۆ ئەوەی سزای ئەو كەسانە بدرێت كە پابەندنی بڕیارەكە نابن.

 لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی سەوزە لە پارێزگای سلێمانی كرا كە لەم وەرزەدا بەڕێژەی لە ١٠٠٪ پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و پێویست بە هاوردەكردنی هیچ جۆرە سەوزەیەك ناكات.

هەر ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەرووبومی پەلەوەری و ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی بڕی هاوردەکردنی ئەو بەرووبومانەی له‌ گۆشتی سور، مریشك، ماسی و هێلكه‌ كه‌ خواردنی سه‌ره‌كی هاوڵاتیانن و خواستیان له‌سه‌ره‌، ئەوەش بە ڕەچاوكردن و هاوسەنگكردنی لەگەڵ بەرووبوومی ناوخۆ، هاوکات هاوردەکردنی مریشکیش قەدەغە کرا.

ک.س