وەزارەتی کار دەست بەسەر مووچەی کەمئەندامان-دا دەگرێت

هەزاران کەمئەندام، لە لیژنە پزیشکییەکان دەرچوون و پێویستە مووچەی کەئەندامییان پێبدرێت، بەڵام لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و وەزارەتەکە دەڵێت، تا ئەوکاتەی پشکنینی هەموو کەمئەمندامان تەواو نەبێت، مووچەی ئەمانیش خەرج ناکرێت.


سێ ساڵ بەر لە ئێستا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە پشکنینەوەی کەمئەندامان و بەپێی بڕیارەکە هەر کەسێک ڕێژەی کەمئەندامیی لە ٥٥٪ کەمتر بێت، مووچەکەی دەبڕدرێت.

دواین جار و شەش مانگ بەر لە ئێستا وەزارەتەکە بڕیاریدا، کە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا پشکنینی هەموو کەمئەندامان تەواو بکرێت، دوای شەش مانگ هێشتا پشکنینەکە بەردەوامە و هەزاران کەمئەندامان پشکنیان تەواوکردووە ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان زیاتربووە لە ٥٥٪ و هەزارانی دیکەش ماون، کە پشکنیان بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی چەندین کەمئەندام، سامان حسێن، سکرتێری لقی سلێمانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، لەوبارەیەوە  کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەبەردەم بانکی تووی مەلیک لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و وتی: لە ئێستادا ئەو کەمئەندامانەی، کە پشکنیان تەواوکردووە و پێویستە مووچەکانیان بدرێتێ، مووچەی دوو مانگیان لەلای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پێیان نادرێت.

سامان حسێن، وتیشی: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی دەڵێت، کە هەتا کاتێکی نادیار و کاری لیژنەکان تەواو نەبێت، مووچەی ئەم کەمئەندامانەش نادرێت، بەڵام دڵنیاین تا ساڵێکی دیکە کاری لیژنەکان درێژە دەکێشێت، هیچ گەرەنتییەکیش نییە، کە دواتر ئەو مووچانەیان پێبدرێتەوە، کە لەم ماوەیەدا دەستی بەسەردا دەگیرێت.

سامان حسێن داواشیکرد، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، "واز لە شەڕی کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێم بێنن و بێن بە خەمی کەمئەندامانەوە،کە برسین و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە".

ش.ف