وەزیری بازرگانیی: نرخ لە دەرەوە زیادیکردووە نەک لەناو هەرێم

وەزیری بازرگانیی جەختدەکاتەوە، کە ڕێگا بە بەرزکردنەوەی نرخ نادەن و دەڵێت: ئەو خۆراکانەی نرخیان بەرزبووەتەوە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و لەناو ئەو وڵاتانەوە نرخ بەرزکراوەتەوە، نەک لە هەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان سەردانی عەلوەی هەولێر و بەشێك لە دووکانەکانی شاری هەولێری كرد، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە نرخی سەوزە و میوە.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، كەمال موسلیم، وتی: ڕێگا نادەین قەیرانی خۆراك دروست ببێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی بۆ دابین كردنی خۆراك و پێداویستیی پزیشكی دەدات و ڕێگا نادەین هیچ بۆشاییەك دروست بێت.

وتیشی: ڕێگانادەین نرخەکان بەرزبکرێنەوە، لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی بەردەوامن لە چاودێریكردنكردنی بازاڕەكان، چەند شوێنێكیش پابەندی ڕێنماییەكان نەبوون سزادراون.

کەمال موسلیم، دڵنیایی دا بە هاوڵاتیان، بۆ هێنانی خۆراك بۆ هەرێمی كوردستان هاتووچۆی بازرگانیی بەهیچ جۆرێك ڕاناگیرێت و هاوردەكردنی خۆراك بەردەوامە.

 لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ڕۆژنیوز لەبارەی گران بوونی چەند پێوداویستییەکی وەكو هێلەكە، پیاز و پەتاتە و تەماتە، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو كاڵایانەی نرخەكانیان بەرز بووەتەوە لە دەروەی هەرێمی كوردستانەوە دێنە نێو هەرێمی كوردستان و لە خودی وڵاتەكە خۆی گران بووە، نەک لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان گران كرابێت.

 

ش.ف