وەزیری بازرگانیی: هیچ قەیرانێکی خۆراک دروست نابێت

وەزیری بازرگانیی، ڕایدەگەیەنێت، کە جموجوڵی بازرگانیی و بەردەوامە و هیچ قەیرانێکی خۆران دروست نابێت، دەشڵێت: بەشی چوار مانگ خۆراکی عەمبارکراومان هەیە.


بۆ ئاگاداربوون و وردەكاریی تەواو لەبارەی هەبوونی خواردەمەنی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی بە ئامادەبونی سەرۆكی ژورە بازرگانیەكانی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆمپانیا و بازرگانان و بریكارانی هاوردەكردنی خۆراك كۆبووەوە، دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەكەش وەزیری بازرگانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی خستە ڕوو.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا، دڵنیایی دایە هاوڵاتیان، کە هیچ قەیرانێكی خۆراك لە هەرێمی كوردستان نیە و هیچ قەیرانێكیش ڕوونادات "لەبەرئەوەی چەندین سەرچاوەی خۆراكمان هەیە، لەوانە كارگەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان و كارگەكانی عێراق".

جەختیشکردەوە، کە بەلایەنی كەم بۆ ماوەی چوار مانگ خۆراكی عەمباركراو لە كۆگاكان هەیە و بەردەوامیش لە ڕێگەی بەندەرعەباس و خاڵە سنووریەكانی ئێران و توركیاوە خۆراك هاوردەی هەرێم دەكرێت،  سنوورەکان کراوەن و تەنیا ڕێکاری پێویست لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا دەگیرێتە بەر.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ڕۆژنیوز لەبارەی ئەگەری هێنانی كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو بۆ نێو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، وەزیری بازرگانیی وتی:"هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كەوا لیژنەكانی قائیمقامەیت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە ئەركەكانی خۆیان بەردەوام دەبن و دەست بەسەر هەموو ئەو خۆراكانەدا دەگرن، كە ماوەبەسەرچوون، خاوەن كۆمپانیاكەش ڕووبەرووی سزادەبێتەوە".

بە پێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئێستادا زیاتر لە ٦٠٠ كۆمپانیای هێنانی خۆراك لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و دڵنیایش دەدەنە هاوڵاتیان هەر كۆمپانیایەك قۆرخكاریی بكات ڕووبەرووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

 

ش.ف