وەزیری بازرگانی: نابێت هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا خەرجی زیادەبکەن

وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات لە بوونی خۆراکی پێویست لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ڕێکارە تەندروستییەکان جوڵەی بازرگانیی سست کردووە، هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان کە لەم قۆناغەدا خەرجی زیادە نەکەن.


ئەمڕۆ، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگاناندا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا کەمال موسلیم ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی نەبوونی خۆراک لە هەرێمی کوردستان نییە و وتی: خۆراکی پێویست لە بازاڕ و کۆگاکاندا هەیە، بەڵام لە قۆناغێکداین کە دەبێت هاوڵاتیان پەنا بۆ خەرجی زیادە نەبەن.

وەزیری بازرگانیی ئەوەشی خستەڕوو، کە بەهۆی تووندکردنەوەی ڕێکارە تەندروستییەکانەوە جوڵەی بازرگانیی لە مەرزەکان سست بووە، بەڵام ڕێژەی هاتنی بارهەڵگر هیچ کەمی نەکردووە.

ک.س