وەزیری دارایی: موچەی سێ مانگی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، موچەی سێ مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم پاشەكەوت ناكرێت، دەشڵێت لە هەوڵی دانەوەی قەرزەكانیش بەردەوامن.


ئەمڕۆ ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری هەولێر، لە بارەی دەنگۆی پاشەکەوتکردنی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى ئەنجاندا.

وەزیرى دارایى، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتى: بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، ئەو سێ مانگەی باس دەکرێت پاشەكەوت ناكرێت، بەڵكو لیستی دابەشكردنی موچە بەپێی لیستی مانگەكان بەردەوام دەبێت.

ئەم قسانەى وەزیرى دارایی لە کاتێکدایە، کە لە سێ ساڵی ڕابردوو، بەردەوام لە کۆتایی ساڵەکەدا مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرا، ئەوە جگە لەو ڕێژە پاشەکەوتەی هەموو مانگێک لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت، بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ دابەشنەکراوە.

بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە ١٥٠ ملیار دینارى مانگانە هەیە، وتیشی:"هەرچی ناردنی موچەی فەرمانبەرانیش بووە لە لایەن بەغداوە، ئێمە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە مانگانە ٣١٧ ملیار دینارمان پێگەیشتووە، دەبوایە ئەو سێ مانگەی پێشتریشمان وەرگرتایە، ئێستا دەمانەوێت پارەی ئەو سێ مانگەش وەرگرین و بیدەین بە فەرمانبەرانی هەرێم".

لەبارەی دانەوەی قەرزەكانی سەر حکومەتی هەرێم، ڕێباز حەملان باسی لەوە کرد دەستیانکردووە بە دانەوەی قەرزەكانی بەڵێندەران و بانكە ئەهلییەكان و كۆمپانیاكان، وتیشی:"مووچەی فەرمانبەرانیش كە قەرزی موچەخۆرانی كوردستانە، بە پێی پڕۆژە یاساى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کارى لەسەر دەکرێت، ئەو یاسایەش ئەوە یەکلایی دەکاتەوە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشەکەوتى مووچەدا بکرێت و مووچە پاشەکەوتکراوەکان چۆن بدرێنەوە".

د.ع