وەزیری دارایی چەند زانیارییەک دەربارەی مووچە دەخاتەڕوو

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، دانی بەوەدانا، کە عێراق مووچەی پێنج مانگی بۆ هەرێم ناردووە، ڕاشیگەیاند، كە بەر لە جەژن دەست دەكەن بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران،ن.


ئەمرۆ  لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێباز حەملان وەزیری دارایی چەند زانیارییەکی دەربارەی مووچە خستەڕوو.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا ڕێباز حەملان وەزیری دارایی ڕایگەیاند: هەفتەیەكە بە چڕی باسی دابەشكردنی مووچەی  مانگەكانی ئەمساڵ دەكرێت و باسی ئەوەش دەكرێت، كە پێنج مووچە بۆ هەرێم نێردراوە، دوای ئەو قسە و باسانە كۆمەڵێك شت باس دەكرێت دوورە لە ڕاستییەوە بۆیە بڕیارماندا بە بەڵگەوە روونكردنەوە بدەین.

لەبارەی مووچەی ئەمساڵەوە حەملان وتی: ئەمساڵ حكومەتی عیراق پێنج مووچەی بۆ هەرێم ناردووە، كە كۆی گشتیەكەی دوو تریلیۆن و ٢٦٦ ملیار دیناربووە، دواتر ئێمە پاشەكەوتی مووچەمان هەڵگرت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە زیاتر لە یەك تریلیۆن و ٨٣١ ملیار دینارمان خستووەتە سەر پارەكەی بەغدا و مووچەمان داوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە بەردەوام دەبین لە پێدانەوەی مووچەكانی ساڵەكانی ٢٠١٨ كە ئێستا مووچەكانی مانگەكانی ١٠و ١١ی ٢٠١٨مان بە پاشەكەوتەوە دابەشكردووە و مووچەی مانگەكانی ١٢ی ٢٠١٨ و مانی یەک و دووی ئەمساڵمان دابەشكردووە بەبێ پاشەكەوت.

لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە وەزیری دارایی هەرێم، ڕایگەیاند، بەو پارەیەی لە بەردەستیاندایە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن، "پارەی بەغداش بگات هەموو مووچە دابەش دەكەین ئەگینا دوای جەژن پرۆسەكە تەواو دەكەین".

س.ح